رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

خەڵک لەبەردەم دادپزیشکیی غەززە سەیری تەرمی ئەو کەسانە دەکەن کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە کوژراون، وێنە: Bashar TALEB / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی قوربانییانی شەڕی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل گەیشتە 10 هەزار و 201 کوژراو و زیاتر لە 27 هەزار و 500 بریندار.
رۆژی چوارشەممە، 01 تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەشت هەزار و 796 کەس کوژراون، کە سێ هەزار و 648 منداڵ و دوو هەزار و 290ـیان ژنن. هاوکات 22 هەزار و 219 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بەهۆی هێرش و مووشەکەکانی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، هەزار و 405 کەس کوژراون، کە زیاتر لە 700ـیان ژن و منداڵن، هەروەها پێنج هەزار و 431 کەسیش بریندار بوونە.
بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی رۆژئاواش رایانگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی کەرتەکەوە 128 کەس کوژراون و هەزار و 980 کەسی دیکەش بریندار بوونە.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە، تائێستا دوو هەزار و 30 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە خاپوورکراوەکانی کەرتی غەززەدان، کە هەزار و 20ـیان منداڵن.
لەبارەی زیانی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی تەندروستیی غەززە، وەزارەتی تەندروستی کەرتەکە رایگەیاند، 270 هێرش کراونەتە سەر کەرتی تەندروستیی غەززە، بەو هۆیەوە 130 کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە و 28 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش تێکشکێندراون. هاوکات لە کۆی 35 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، 16 نەخۆشخانەیان کارناکەن و لەکۆی 72 کلینیکی چاودێری سەرەتایی تەندروستی، 51 کلینیکیان داخراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە کەرتی غەززە زیاتر لە 1.4 ملیۆن کەس ئاوارەبوون و لە ئیسرائیلیش زیاتر لە 250 هەزار کەس.
26 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. شەڕەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایینەکان"ـی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ