ئەمریکا ئەرکی کەشتییە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست درێژدەکاتەوە

01-04-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا ئەرکی کەشتیی سەربازیی جۆرج ئەیچ دەبلیو بووش و گرووپی هاوەڵی لەنزیک یۆنان درێژ دەکاتەوە. بەرپرسێکی سوپای ئەمریکا دەڵێت، لەدوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە سووریا، کەشتییەکە هاوکاریی سەربازانی ئەمریکا دەکات.
 
بڕیارەکە بەو مانایە دێت کە گرووپە کەشتییەکە و زیاتر لە پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی کە ئێستا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی فەرماندەیی ئەوروپادان، لە کاتی دیاریکراودا ناگەڕێنەوە ئەمریکا.
 
جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا درێژکردنەوەی ئەرکی کەشتییە سەربازییەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.
 
بوچینۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "درێژکردنەوەی ئەرکی گرووپی کەشتیی جۆرج ئەیچ دەبلیوو بووش، لەنێویدا کەشتیی لەیت گولف، دێلبێرت دی بلاک و USNS Arctic، بژاردەی زیاترمان پێدەدات بۆئەوەی تواناکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بەهێزتر بکەین بۆ وەڵامدانەوەی باری لەناکاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
 
ئەوەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن رایگەیاند، ژمارەی زیانلێکەوتووانی هێرشەکەی هەفتەی رابردوو لە سووریا گەیشتووەتە 12 سەرباز، لەدوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت شەش سەربازیان تووشی "برینی مێشک" بوون.
 
رۆژی 23ی ئادار بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون، کە پێنجیان سەرباز بوون، کاتێک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەیەکی ئەمریکیی لە نزیک حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج. بەگوێرەی پێنتاگۆن، درۆنەکە ئێرانی بووە. لە تۆڵەی ئەوەشدا، سوپای ئەمریکا سێ پێگەی گرووپێکی چەکداریی نزیک لە ئێرانی کردە ئامانج.
 
رۆژی 24ی ئاداری 2023، ناوەندی راوێژکاریی ئێران لە سووریا رایگەیاند، "ئەو ناوچانەی [لەلایەن ئەمریکاوە] کراونەتە ئامانج، کۆگای مادەی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستیی پزیشکی بوون." ئەو ناوەندە لە راگەیێندراوەکەیدا دەشڵێت، ئەرکی ئەوان "یارمەتیدانی حکومەتی بەشار ئەسەدە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان."
 
هاوکات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئۆتاوای کەنەدا گوتی، "ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ ئێران بکەوێتە شەڕەوە، بەڵام با خۆیان بۆ ئێمە ئامادە بکەن، چونکە بە تووندی گورز دەوەشێنین تاوەکو خەڵکی خۆمان بپارێزین." بایدن گوتیشی، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی "لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سوودانی دەڵێت، ئیسرائیل بە کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا 'هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند'

سەرۆکوەزیرانی عێراق کوشتنی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان سەرکۆنە دەکات و بە "تاوان" ناوی دەبات، ئەوە دوای ئەوەی دوێنێ ئیسرائیل هیرشێکی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا لە بەیرووت ئەنجامدا و ئەمڕۆش کوشتنی راگەیاند.