وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە شەپۆلی گەرما هۆشداریدەدات

04-07-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن گەرما
A+ A-

رووداو-سلێمانی

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رێنمایی هاونیشتیمانییان دەکات خۆیان لە مەترسییەکانی گەرمای زۆر بەدووربگرن لەکاتی شەپۆلەکانی گەرمادا، هەروەک ئاشنایان دەکات بەو نیشانانەی ئاماژەن بۆ زیانکەوتن لە باری تەندروستی مرۆڤ بەهۆی شەپۆلە گەرمییەکانەوە.

راگەیێندراوەکە، کە کۆپییەکی بۆ رووداو نێردراوە، ئەو هەنگاوانەی روونکردوونەتەوە کە پیستە بهاویژرێن لەکاتی خۆربردن و ئەو مەترسییانەی دیکە کە لە ئەنجامی گەرمای زۆر لەسەر باری تەندروستی خەڵکی درووستدەبن.

ئەوەی خوارەوە دەقی راگەیێندراوەکەیە..

راگەیێندراوێک لە وەزارەتی تەندروستی

بە هۆشیاری رەفتارکردن، سەلامەت دەبین لە کاریگەری شەپۆلەکانی گەرما  

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی گەرما، جگە لە هەراسانکردن و نائارامی، مەترسییەکی زاندراوی تەندروستی گشتییە و کاریگەری تەندروستی جۆراو جۆری هەیە لە بوورانەوە، پەڵەی پێست و ژانی ماسولکە، لەگەڵ شەکەتبوون  و  خۆربردن.

سەرەتای کاریگەری گەرما، بە ئارەقکردنێکی زۆر، ناڕەحەت بوون، بێهێزی، گێژبوون، سەرئێشە، ژانی ماسولکەکان دەستپێدەکات، دواتر  دەبێت بە هێڵنج و رشانەوە و بوورانەوە  ( شەکەت بوون بە گەرما )، دواتر ئەگەر چارە نەکراو بەردەوامبوو دەچێتە قۆناغی لەناکاوی پزیشکی ، کە مەترسیدار و کوشندەیە ( ئەگەر زوو چارە نەکرێت )  پێی دەگوترێت  ( خۆر لێدان )،  لەم قۆناغەدا کەسەکە چیتر ئارەقە ناکات، لاشەی ووشک و گەرم و سوور دەبێتەوە، ئاگا لەخۆبوونی نزم دەبێت و دەچێتە قۆناغی بێ هۆشی و  هەناسەسواری.

زۆر گرنگە لەگەڵ گەرما بوون، ئەو نیشانانە زوو بناسینەوە و چارەی بکەین لە شوێنی خۆمان یان سەردانی فریاکەوتنەکان بکەین لە کاتی پێویست.
هەمووان  مەترسی تووشبوون بە زیانەکانی گەرمایان هەیە بەڵام  منداڵ و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانیان هەیە، مەترسیان زیاترە، چاودێریکردنی زیاتریان پێویستە لە کاتە گەرمەکاندا.
بۆ خۆپاراستن رەچاوی ئەم رێنماییانە بکە :-
-کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ  تا  چواری عەسر، خۆت بەدوور بگرە لە چوونە بەر -----خۆر بۆ هەر مەبەستێک بێت.
-ئاو و شلەمەنی زیاتر بخۆوە 
-رۆژانە جارێک خۆت بشۆ 
-خواردنی میوە زیاد بکە و دوور کەوە لە خواردنە تیژەکان 
جلوبەرگی رەنگ کاڵ و تەنک و فراوان لەبەر بکە 
هەوڵدە  لەشوێنە سێبەر و فێنکەکان بمێنیتەوە 

کاتێک کەسێک تووشی شەکەتبوون یان خورلێدان دەبێت گرنگە دەستبەجێ هاوکاری بکەیت بە :-
-بیگوازەوە شوێنێکی سێبەر و فێنک 
-هەوڵی ساردکردنەوەی بدە  بەڕێگەی  تەڕکردنی یان داپۆشینی بە پەڕۆیەکی تەڕ 
-بڕێک ئاوی ساردی پێبدە 
-ئەگەر، زۆر گەرم ببوو و نزیک بێ هۆشبوون بوو، دەکرێت پارچەی بچوکی بەفر  لەژێر باڵی دابنێیت، لەشوێنێکی سێبەر و فێنک چاودێری بکە  تاوەکو دەیگەیێنیت بە نزیکترین نەخۆشانەی فریاکەوتن  یان پەیوەندی بکە بە هێڵی فریاکەوتنی خێرا 122


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە