رووداو دیجیتاڵ
لەنێو لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق ناکۆکی هەیە لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، کورد لانیکەم چوار کێشەی هەیە داوادەکات دوابخرێت.
لیژنەکە پێشتر لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونە رێکەوتنی کۆتایی، بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران دوایین کۆبوونەوە بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، چوار کێشەی سەرەکی هەن ئەگەر ئەوانە چارەسەرنەکرێن، ناتوانرێت لە 20ی 11ی 2024 سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بکرێت.
لیژنەی باڵای سەرژمێری لە 18 کەس پێکهاتووە بەم شێوەیە، وەزارەتی نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بەڕێوەبەرێتی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان، دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو لایەنانە هەر یەکەیان دوو نوێنەریان لە لیژنەکەدا هەن.
بەشی زۆرینەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تەواو بووە. عێراق لە 1ی ئەیلولی 2024 دەستیپێکردووە 95٪ی تەواو بووە، هەرێمی کوردستان لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێوارەی 30ی 10ی 2024 بە نزیکەیی 92٪ی گەمارۆسازی و ژمارەلێدانی تەواوکردووە.
لەوکاتەدا کە ئەم راپۆرتەم ئامادە دەکرد، کارمەندانی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان سەرژمێریی لە دەرگەی ماڵەوەیان دا، شەش پرسیاریان کرد، ناوی سەرۆک خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان، خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون، پرسیاری نەتەوە، ژمارەی خێزان لەنێو ماڵەکە.
کێشەکانی کورد لە سەرژمێری:
یەک: کێشەی سیاسی تایبەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکان.
دوو: کێشەی بودجە کە بەتەواوی نەنێردراوە.
سێ: کێشەی هونەری.
چوار: کێشەی کات.
کێشەی سیاسی ناوچە کێشەلەسەرەکان چییە؟
ئەندامانی کورد لە لیژنەی باڵای سەرژمێریی داوایانکردووە، لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەتایبەت کەرکووک، ئەوانەی لەدوای ساڵی 2014 لە کەرکووک نیشتەجێبوون جیابکرێنەوە، بۆ ئەوەی بزاندرێت کێن. تۆماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و تۆماری وەزارەتی بازرگانی بدرێنە ئەندامانی لیژنەی باڵای سەرژمێری، هەروەها لە رۆژی سەرژمێری، بژمێرەکان لە کورد، عەرەب و تورکمان پێکبێن، ئەو ناوچانەی مەسیحی لێیە ئەندامێکی ئەوان زیاد بکرێت، هاوکات سەرژمێریی ساڵی 1957 بکرێتە بنەما و بەراورد بکرێت بەو سەرژمێرییەی ئەم ساڵ.
ئەگەر ئەنجامی سەرژمێریی 2024 لەگەڵ 1957 وەکو یەک نەبوو ئەوا تۆماری ئەوانە جیابکرێنەوە و وەکو خەڵکی دەرەوەی کەرکووک بنووسرێن. هەروەها بژمێرەکان لەگەڵ تۆمارکردن بە تابلێت و ئەلیکترۆنی لەسەر کاخەز پرسیارەکان پڕبکرێنەوە و هەر کەسێک دوو کۆپی، کۆپییەکان بۆ لیژنەکە و کۆپییەک بدرێتە کورد.
کێشەی بودجە
بابەتی سەرژمێری لە مێژە لە عێراق باسی دەکرێت، لە ساڵی 2023 بودجەی بۆ دانراوە، بەگوێرەی یاسای بودجە، 12.6٪ی بودجەکە بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە.
بەگشتی 470 ملیار دینار بۆ سەرژمێریی گشتی لە عێراق دیاریکراوە، بەڵام لەو بڕە تەنیا 12 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان کە هی 2023 بووە، لە ساڵی 2024 هیچ بڕێک پارە نەنێردراوە.
دەبوایە حکومەتی عێراق بۆ ئەم ساڵ 49 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام کاتێک داواکراوە بەغدا گوتوویەتی: "هەموو پارەکە خەرجکراوە و هیچ نەماوە".
بەشێکی دیکەی بودجە پەیوەندی بە دانانی سێرڤەرێک هەبووە لە هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە بەغدا هەیە، سێرڤەرەکە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکرابوو، بەڵام "بەغدا بەپاساوی نەمانی پارە"، سێرڤەرەکەی دانەناوە.
گرنگی دانانی ئەو سێرڤەرە (بانکی زانیاری) لە هەرێمی کوردستان ئەوەبوو، هەموو زانیارییەکانی عێراق لە یەککاتدا لە بەغدا و لە هەولێر دەبوون.
سەرژمێری لانیکەم سێ کۆمپانیا کاری تێدا دەکەن، کۆمپانیای ئوردنی، کەنەدی و چینی، تابلێتەکان کۆمپانیای چینی ئامادەی کردوون، نزیکە 100 ملیار دینار دراوە بە تابلێتەکان.
کێشەی هونەری
لە هەموو عێراق دەبێت زیاتر لە 150 هەزار بژمێر کارەکە بکەن، راهێنانیان پێبکرێت و ئامادەبکرێن بۆ رۆژی سەرژمێری، هەرچی پەیوەندی بە عێراقە، لە راهێنانن بەڵام هەرێمی کوردستان راهێنانی نەکردووە، پێویستە 23 هەزار بژمێر راهێنان ببینن.
بۆ راهێنانی ئەو ژمارەیە 21 رۆژ پێویستە، بە سێ قۆناخ راهێنان دەبینن هەر قۆناخەی حەوت رۆژی دەوێت، بەگوێرەی راهێنانەکە ناتوانرێت لەو ماوەیەدا بژمێرەکە ئامادە بکرێن، چونکە دەبێت هەموو بژمێرێک لە 15ی 11 ئامادە کرابێت و لە 16ی 11 تابلێتەکانیان ئامادەکردبێت کە پرسیارەکانی تێدایە.
هەرچەندە پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لەکۆتاییدایە، بەڵام بەگوێرەی ئەو ژمارانەی سەرەوە لە هەرێمی کوردستان ناتوانن لەو ماوەیەدا کارەکە بکەن، چونکە ئەگەر لە 1ی تشرینی دووەم دەستبکرێت بە راهێنانەکە ئەوا 21ی مانگ بژمێرەکان ئامادە دەبن، پاش ئەوە چەند رۆژێک پێویستە تاوەکو تابلێت و پرسیارەکان ئامادە دەکرێن و دەستپێدەکەن.
چیرۆکی هەوڵەکان
دوای ئەوەی کورد بە جیدی کاری لەسەر سەرژمێری کرد، لە 18ی تەمموزی ئەم ساڵ وەزیری پلاندانانی عێراق رەزامەندی دا لیژنەیەکی 18 کەسی پێکبهێندرێت، وەکو لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لیژنەکە بڕیاری بۆ دەرکرا و دەستبەکاربوو، داواکاری و وردەکاری خرایەڕوو، کێشەکان دەرکەوتن، کێشەکان بەئاسانی چارەسەر نەدەبوون، چەندین کۆبوونەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا کران، رێکەوتن کرا ئەوەی کورد داوای دەکات بکرێت، بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق رازی نەبووە لە کەرکووک داواکارییەکان جێبەجێ بکات.
ئەندامانی کورد لە لیژنەکە مژارەکەیان هەندێ بۆ ئاستی باڵاتر برد، لە 1ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ چوونە پەرلەمان، لەگەڵ فراکسیۆنەکان و هەندێ لە پەرلەمانتارانی سوننە دانیشتن، بە سوننەکان گوترا بابەتەکە بۆ ئەوانیش گرنگە، چونکە پەیوەندی بە پارێزگەکانی ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدینەوە هەیە، ئەندامانی سوننە لەگەڵ کورد هاوڕا بوون، هەروەها بە تورکمان گوترا، گۆڕینی دیمۆگرافیا لە کەرکووک بۆ ئەوانیش مەترسیدارە، پەرلەمانتارانی تورکمان ناڕازیبوونیان دەربڕی.
پاش پەرلەمان، ئەندامانی کوردی لیژنەکە لەگەڵ وەزیران و فراکسیۆنە کوردییەکان چوونە لای سەرۆککۆمار، لەوێ مژارەکە خرایەڕوو، بابەتەکە بە گرنگ وەرگیرا، بەڵام کێشەکە چارەسەر نەبوو.
دوایین دەرفەت لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانییە، لیژنەکە لەگەڵی کۆدەبێتەوە و بڕیاردەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ناتوانرێت لە 20ی 11 سەرژمێری بکرێت، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان چونکە ئەگەر هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن، کێشەی کات چارەسەر ناکرێت، بە ئەگەری زۆر رەنگە سەرژمێرییەکە بکەوێتە 20ی 12 یان دواتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ