چیرۆکی منداڵێکی ئۆتیزم؛ هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نەبوو وەکو قوتابی وەریبگرێت

31-10-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
محەممەد، ئەو منداڵەی ئۆتیزمی هەیە و هیچ قوتابخانەیەک وەرینەگرتووە.
محەممەد، ئەو منداڵەی ئۆتیزمی هەیە و هیچ قوتابخانەیەک وەرینەگرتووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد منداڵێکی ئۆتیزمە، وردە وردە وانەکانی لەگەڵ دایکی دەخوێنێت، ئەو وانانەی کە محەممەد پڕ بە دڵ حەزی دەکرد لە دەمی مامۆستا و لە نێو پۆلی قوتابخانەیەک وەک هەر منداڵێکی دیکە  بیخوێندایە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی منداڵێکی ئۆتیزمە تا کاتی وێنەگرتنی ئەم راپۆرتە کە مانگ و نێوێک لەدەوامی  قوتابخانە تێپەڕیوە هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نەبوو دەرگای بەروودا بکاتەوە. 
 
مەهدییە رەحمان، دایکی محەممەد دەڵێت، "زۆر قوتابخانە هەیە بەشی پەروەردەی تایبەتیشیان هەیە و زۆر هەوڵیشمداوە لە مانگی 7ـەوە دەستم پێکردووە بەس تاوەکو ئێستا وەریناگرن، گلەییەکەی من لە پەروەردە نییە چونکە پەروەردە هیچ کێشەیان نییە کیتابم بۆ دەکەن، هەرچی داوا دەکەم کیتابەکانم بۆ دەگۆڕن هەر قوتابخانەیەک من دەیڵێم ئەوان کیتابم بۆ دەکەن، بەڵام بەڕێوەبەری قوتابخانەکان وەریناگرن، هەموو رۆژیک کاژێر 7:00 هەڵدەستێ و سەیری منداڵان دەکات کە دەچنە قوتابخانە، زۆرجار دەگری."
 
محەممەد تەمەنی 9 ساڵە، لە تەمەنی نزیکەی سێ ساڵییەوە دایکی لە سەنتەری راهێنانی تایبەت بە ئۆتیزمی داناوە تاوەکو دۆخی منداڵەکەی باشببێت، چەند جارێک پشکنینی بۆ کراوە و بە پێی راپۆرتی پزیشکی، ئۆتیزمەکەی 50٪ دەستنیشانکراوە، ساڵی رابردوو لە قوتابخانەیەکی حکومی وەرگیراوە و لە تاقیکردنەوەکانی نیوەی ساڵ نمرەی تەنیا دوو وانەی خراپ بووە دوای ئەوە نەخۆش کەوتووە و دایکی نەیناردووەتەوە بەر خوێندن. بۆ ئەم ساڵ ویستویانە دووبارە بینێرن بۆ قوتابخانە. نووسراوی فەرمی پەروەردەی گشتیی هەولێر بۆ قوتابخانەکان نێردراوە بۆ ئەوەی محەممەد وەرگرن، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
 
دایکی محەممەد لەو بارەیەوە دەڵێت، "مافیان هەیە، مافی ئەوەیان هەیە کە لەخوێندن بێبەش نەبن کە لەکۆمەڵگە دانەبڕێن."
 
رووداو سەردانی سەنتەرێکی راهێنانی ئۆتیزمی کرد، لەو سەنتەرە کار دەکرێت بۆ باشترکردنی دۆخی منداڵانی ئۆتیزم و ناردنەوەیان بۆ قوتابخانە ئاساییەکان. 
 
رووداو چیرۆکی محەممەدی بۆ دکتۆر رەوشت رەشید، سەرپەرشتیاری سەنتەری ئیماراتی بۆ ئۆتیزم باسکرد. دکتۆر رەوشت لەو بارەیەوە گوتی: "هەر منداڵێک هەر رێژەیەکی ئۆتیزمی هەبێت زۆر توندبێت یان زۆریش لاواز بێت، پێویستی بە قوتابخانەیە، ئێستا ئەو ئاراستەیە لە جیهاندا گۆڕاوە کە تەنیا ئەو منداڵانەی کە زۆر باشن دەبێت بڕۆنە قوتابخانە، نەخێر ئەو منداڵانەی کەوا خراپیشن دەکرێ بڕۆنە قوتابخانە، بەڵام بێگومان پێویستە رێوشوێنی ئەوان جیاواز بێت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە باشن." 
 
لەدوای هەوڵ و ماندووبونێکی زۆری مەهدیەی دایکی محەممەد دواجار لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر واتە دوو هەفتە لەمەوبەر محەممەد گەیشت بە خەونەکەی و قوتابخانەیەکی پەروەردەی تایبەتی حکومی ئەویان وەکو ئەزموون وەرگرت. 
 
قوتابخانەکە جگە لە محەممەد 9 قوتابیی دیکەی هەیە کە بەشێکیان ئۆتیزمن و بەشێکیش خاوەن پێداویستیی تایبەت یاخود نڤیشکانن، مامۆستای پەروەردەی تایبەت چاودێری دۆخی منداڵەکان دەکات. 
 
شەیما تەڵعەت، مامۆستایەکی پەروەردەی تایبەتە و دەڵێت، "یەکەمجار لە ژێر تێستمان دانا کە ئایا دەگونجێ بۆ قوتابخانە یان ناگونجێ باشبوو سوپاس بۆ خودا کێشەی نەبوو." 
 
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتیی، نزیکەی 3500 كەس لە كوردستان ئۆتیزمیان هەیە.
 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە