بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان: لە رۆژانی داهاتوودا پارەی گەنمی جووتیاران دابەشدەکرێت

31-10-2022
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵی 2014ی جووتیاران دەڵێت: "هەندێک رێکاری کارگێڕی ماون. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەم هەفتەیە پارەی گەنمی جووتیاران دابەشبکرێت، بەڵام ئەگەر رێکارەکان تەواو نەبوون، ئەوە بەدڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو دابەشی دەکەین." 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 31-10-2022، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ کێشەیەکمان لە دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵی 2014ی جووتیاران نییە؛ ئەوەی هەیە تەنیا بەشێک لە رێکارە کارگێڕییەکانی بانکە کە تەواو نەبوون و لە ئەمڕۆوە دەست بە تەواوبوونی ئەو رێکارانەش دەکرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەم هەفتەیە پارەی گەنمی ساڵی 2014ی جووتیاران دابەشبکەین، بەڵام ئەگەر رێکارەکان تەواو نەکران، ئەوە بەدڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو دابەشدەکرێت."
 
رۆژی 19-10-2022، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانن گوتی، بڕی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014، 34 ملیار و 827 ملیۆن و 82 هەزار و 250 دینارە؛ سلێمانی 11 ملیار و 174 ملیۆن و 528 هەزار دینار؛ هەولێر 11 ملیار و 466 ملیۆن و 731 هەزار دینار؛ دهۆک 12 ملیار و 185 ملیۆن و 823 هەزار و 250 دینارە. 
 
19-10-2022، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014  کردووە.
 
بەگوتەی فارس عیسا، حکومەتی عێراق چەکەکەی ناردووەتە لقی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 
رۆژی 8-6-2022، پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی 273 ئەندامی کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا. 
 
لە چوارچێوەی پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، شەش ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی دیاریکرا کە پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشەخۆراک و کڕینی گەنم و برنج و 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران دیاریکرا. 
 
لەو چوارچێوەیەدا 308 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دیاریکرا. حکومەتی فیدراڵیی عێراق تاوەکو ئێستا تەنیا پارەی 2014ی جووتیارانی ناردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە