رووداو دیجیتاڵ
تەم، کرماشان و زۆربەی شارەکانی ئەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە و مەودای بینین زۆر کەمبووەوە، بەو هۆکارەش ئەمڕۆ سێ گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان هەڵوەشێنرانەوە.
لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ (شەممە، 30 کانوونی یەکەمی 2023) تەم هەبوو و مەودای بینین زۆر کەم بوو، بەشێوەیەک لە هەندێک شوێن بۆ کەمتر لە 50 مەتر دابەزیوە.
محەممەد بەگپوور، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کرماشان رایگەیاند، "بەهۆی خراپیی کەشوهەوا، تەمێکی زۆر و کەمبوونەوەی مەودای بینین، ئەمڕۆ سێ گەشتی ئاسمانیی فڕۆکەخانەکە کە لەنێوان کرماشان-تاران و کرماشان-عەسەلویەدا بوون، هەڵوەشێنران."
بەگپوور دەڵێت، "بڕیاربوو کاژێر 08:15 بە کاتی ئێران گەشتێکی ئاسمانی لە کرماشانەوە بۆ تاران هەبێت، کاژێر 9:20 گەشتێک لە تارانەوە بۆ کرماشان و کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆش، گەشتێک لە کرماشانەوە بۆ عەسەلویە هەبێت."
هەبوونی تەم لەنێو شاری کرماشان و زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایە، بووە هۆی سستبوونی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش لە شەقام و رێگەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ