رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی کوردستان بەرنامەی کاری دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی بڵاوکردەوە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانیش دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکانی پەرلەمان بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی تەواوبوون.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکانی پەرلەمان بۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەواوبوون و لیژنەیەک بۆ پێشوازی لە پەرلەمانتارانی نوێ پێکهێندراوە."
سامان ئەحمەد گوتی، "دانیشتنەکە بۆ راگەیاندنەکان کراوە دەبێت و هیچ میوانێکیش بۆ دانیشتنەکە بانگهێشت نەکراوە."
بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنەکە رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەم کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ دەکرێت.
بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش بەم شێوەیە دەبێت:
یەکەم: کردنەوەی دانیشتنەکە بە چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز.
دووەم: یەک خولەک راوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
سێیەم: بانگهێشتی بەتەمەنترین بەربژێری ئامادەبوو لە پاڵێوراوانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی دیوانی پەرلەمان بۆ سوێندخواردن و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکە، بەپێی حوکمی بڕگەی دووەم لە 11 و بڕگەی یەکەم لە مادەی 12ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان.
چوارەم: سەرۆکی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم بەربژێرە هەڵبژێردراوەکان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بانگ دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی بەپێی حوکمی بڕگەی دووەمی مادەی 12 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، پاشان دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی یەکەم دانیشتن بەپێی حوکمی مادەکانی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان بەڕێوەدەبرێت.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی بەدەستهێنا، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسی لە پلەی دووەم و سێیەم بوون.
26ی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024 دەرکرد بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ