رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئاکرێ دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەم زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکەن. سەرچاوەیەکیش لە شارەوانیی دهۆک باس لەوە دەکات، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی زەوی دەکرێت.
دلاوەر بوزۆ، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە زەوی بەسەر زیاتر لە 1000 فەرمانبەردا دابەش دەکرێت."
قایمقامی ئاکرێ گوتی، بەشی زۆری زەوییەکان دەکەونە سنووری گوندەکانی سماقوکێ و ئالەیی. ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە بە تیروپشک و ئاشکرا لەبەردەم ئامادەبووان بەڕێوەدەچێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر 16 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای دهۆک هەیە و هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 1000 پارچە زەوی دابەش دەکرێن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "لە هەموو شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت و بەردەوامیش دەبێت تاوەکو هەموو ئەو فەرمانبەرانەی رەزامەندییان هەیە، زەوی وەردەگرن."
17ی ئەم مانگە تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5000 پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2474 پارچە زەوی رەزامەندیی دابەشکردنیان دراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەویی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ