قایمقامی کۆیە: ئیدارەی گشتیی یەکێتی بە قەرز پارە دەداتە کۆمپانیاکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان

30-09-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای کۆیە رایدەگەینێت، زۆربەی پرۆژە راگیراوەکانی شارەکەیان بەگەڕخراونتەوە و کاری باشیان تێداکراوە و بەشێکیشیان تەواوکراون. گوتیشی: "ئیدارەی گشتیی یەکێتی بە قەرز پارە دەداتە کۆمپانیاکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان."
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، باسی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای کۆیە کرد و گوتی، کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگمان هەبوون، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیرابوون، زۆرینەی کۆمپانیاکان نووسراوی دەستلەکار هەڵگرتنیان لە پرۆژەکان کردبوو بەهۆی نەبوونی نەختینە.
 
قایمقامی کۆیە دەڵێت، بۆ دابینکردنی پارە و چارەسەرکردنی گرفتی نەختینەی پرۆژەکانیان هەوڵێکی زۆریانداوە بەڵام بە گوتەی ئەو: "حکومەت هیچ پارەیەکی تەرخان نەکرد بۆ پرۆژەکان" و بۆیە پەنایان بردە بەر ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ وەگەرخستنەوەی پرۆژەکانیان.
 
تارق حەیدەری دەڵێت: "دوای سەردانی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کۆیە، بەشێکی زۆری پرۆژەکان بەگەڕخرانەوە و پارەی کۆمپانیاکانیش ئیدارەی گشتیی بە قەرز دەیدات".
 
قایمقامی قەزاکە گوتیشی: "ئەو پرۆژانەی بەگەڕخرانەوە، لەوانە؛ شەقامی فیدراڵ کە گوژمەکەی شەش ملیار و 112 ملیۆن دینارە، پرۆژەی شەقامی فلکەی گردی بۆ بەردەم کتێبخانەی گشتیی بە گوژمەی ملیار و 850 ملیۆن دینار هەروەها پرۆژەی رێگەی حەمامۆک - جادەی عەونی بە گوژمەی 143 ملیۆن دینار. هەروەها کارەبای دۆڵی سماقوڵی و گوندی سەرکەڵەک، بەگوژمەی 230 ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و ئیدارەی گشتی پارەکەی داوە تاوەکو کۆمپانیا پارەکەی دەداتەوە، بەڵام جووتسایدی ناو ناحیەی سکتان بە گوژمەی 300 ملیۆن دینار لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە جێبەجیکراوە بە قەرز نەبووە."
 
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان "بەناچاری" پەنایان بردە بەر ئیدارەی گشتیی یەکێتی، ئەوان پارە بۆ کۆمپانیاکان دابین دەکەن و بە قۆناخ پارە بە قەرز دەدەنە کۆمپانیاکان.
 
پرۆژەی جووتسایدی هەولێر - کۆیە، لەساڵی 2011ـوە بەگوژمەی 427 ملیار دینار بەردی بناخەی دانراوە و بڕیاربوو ساڵی 2014 تەواوبکرێت، بەڵام تائێستا تەنیا 100 ملیار دینار بۆ پرۆژەکە خەرجکراوە.
 
قایمقامی کۆیە دەڵێت، ئەوەی تائێستا دەیکەین لە چاککردنەوەی رێگەکان، خۆ دزینەوەیە لە کێشە بنەڕەتییەکە کە جووتسایدی هەولێر- سلێمانییە و رێگەوبانەکان بەرگەی ئەو هەموو لۆد و بارزۆرییە ناگرێت.
 
گوتیشی، بڕیارە دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە دراوە و بڕیار وایە لە هەموو قۆناخەکان هاوکات کاری تێدابکرێت کە چوار قۆناخە لەگەڵ تۆنێلێک لە هەیبەت سوڵتان.
 
رۆژی 25-09-2024 مەسرور بارزانی لە کاتی لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، رایگەیاند پرۆژەی دووسایدی رێگەی هەولێر -  کۆیە دەستپێدەکاتەوە.
 
لەبارەی پرۆژەکانی سێتکتەری رێگەوبان، تارق حەیدەری ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا  پرۆژەی رێگەی کۆیە - سماقوڵی بەردی بناخەی دادەنرێت کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت و گوژمەکەی 4 ملیار دینارە.
 
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا بەنداوی شەوگێر بە گوژمەی نزیکەی حەوت ملیار دینار تەواوکراوە و ئێستا کارکردن لە بەنداوی بانی تاڵەبان، بەردەوامە و نزیکەی 92٪ـی تەواوکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی 27ی ئاداری 2024، بڕیاری دا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی هەرێمی کوردستان کە تائێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی. تارق حەیدەری دەڵێت: "لە کۆیە هەنگاوی پێویست نراوە بۆ ئەوەی زەوی بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران تەرخان بکرێت و سەرقاڵی ئامادەکردنی زەوین و زەوییەکانی دەکەونە دەرەوەی شار و چونکە لەنێو شار زەوی نەماوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.