رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، قوتابیانی پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی نمرەیان لە ئەپلیکەیشنی "ئی- هەڵسەنگاندن" بەردەست دەبێت. پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت: "کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێ بۆ ئەپلیکەیشنەکە زیادکراون کە لە بەرژەوەندیی مامۆستا و کەسوکاری قوتابیاندان."
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر تەنیا پۆلە ناکۆتاکان نمرەیان لە ئەپلیکەیشنی ئی- هەڵسەنگاندن رادەگەیێندرا، بەڵام لە ئەپدەیتی ئەم جارەدا پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیش نمرەیان لەم ئەپلیکەیشنە وەردەگرن."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، ئەپلیکەیشنی "ئی- هەڵسەنگاندن" کۆمەڵێک تایبەتمەندیی دیکەی بۆ زیادکراوە کە لە بەرژەوەندیی قوتابیان، مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیانیشدایە؛ دەشڵێت، جگە لە مامۆستا و قوتابیانی کوردستان، ئەوانەی دەرەوەی وڵاتیش دەتوانن ئاگاداری ئەپلیکەیشنەکە و رێنماییەکانی بن، ئەوەش دوای خۆتۆمارکردنیان لە رێگەی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە.
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردەوە، نوێترین ڤێرژنی ئەپلیکەیشنی "ئی-هەڵسەنگاندن" بەردەستە کە چەندین بابەتی نوێی تێدا زیادکراوە، جیا لە بابەتە بەردەستەکانی پێشوو وەک نمرەی قوتابی، هەڵسەنگاندنی قوتابی، ئەرکی ماڵەوە، خشتەی وانەکانی هەفتە، کاتی تاقیکردنەوەکان و وریاکەرەوەکان."
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەپلیکەیشنەکە ئەم خزمەتگوزارییانەی تێدایە:
- راهێنانی ئەلیکترۆنی بۆ مامۆستایان کە چەندین کۆرسی راهێنان لە بواری پەروەردەیی و پێداگۆجییەکان لەخۆدەگرێت بەشێوەی ڤیدیۆ، نووسین، فایل و کاری گرووپی.
- بەدواداچوونی نوسراوەکان کە رێگە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە دەدات لە ماڵەوە ئاگاداریی مامەڵەکانیان بن لە رێگەی نووسینی ژمارەی نووسراوەکە و ژمارەی مۆبایل، کە پێویست ناکات لە زاخۆ یان گەرمیانەوە بچنە دیوانی وەزارەت.
- کتێبخانەی ئەلیکترۆنی بە پێشکەوتووترین شێواز دیزاینکراوە کە هەر لاپەڕە یان کتێبێک بخوێندرێتەوە، کاتی خوێندنەوە تۆماردەکرێت و کتێبەکان بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەستن.
- رێنمایی خێزان کە دایک و باوکان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان، فێرکارییە بەراییەکانی ئاکار و رەوشت، رێنمایی سەبارەت بە کەمسەرنجی، دێسلێکسیا، ئۆتیزم و چەندین بابەتی تەندروستی.
- ریزبەندیی قوتابخانەکان کە وەزارەت ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن دەکات و بەسەر چوار ئاستدا پۆلێنیان دەکات.
- بەشی راپرسی بۆ وەرگرتنی را و بۆچوونی مامۆستایان و بەخێوکارانی قوتابیان لەسەر بابەتە پەروەردەییەکان.
- پەیامی وەزارەت کە رێگە بە وەزارەت دەدات پەیام بۆ زیاتر لە 11 هەزار بەکارهێنەری سیستمەکە بنێرێت سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، پشووەکان و راگەیێندراوەکانی دیکە.
ئەپلیکەیشنی https://e-parwarda.com/qrha، خزمەتگوزارییەکە رایەڵەی پەیوەندیی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاری قوتابیان پتەوتر و ئاسانتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ