دەرچوویەکی بەشی IT لە دهۆک بەهۆی دەستنەکەوتنی کار دەبێتە جووتیار

30-07-2023
هونەر رەشید
دەستنەکەوتنی کار لەلایەن دەرچووانی زانکۆوە لە دهۆک
دەستنەکەوتنی کار لەلایەن دەرچووانی زانکۆوە لە دهۆک
نیشانەکردن زانکۆ زانکۆی پەڵاچکی چیکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەڤین دوای ئەوەی بێئومێد بوو لە دەستکەوتنی کار بەپێی ئەو بڕوانامەی لە زانکۆ بەدەستیهێناوە، کە بەکالۆریۆسە لە بواری IT، ناچاربوو ژیانی بە ئاراستەیەکی دوور لە خوێندنەکەی ببات و خەریکی کاری جووتیاری بێت.
 
ئەڤین رەمەزان، دەرچووی بەشی ئایتی لە زانکۆی دهۆک باس لەوە دەکات بۆ دەستخستنی کار، داواکاریی پێشکێشی 45 بۆ 50 شوێنی حکومی و رێکخراوەکان کردووە، بەڵام هەرجارێک وەڵامیان داوەتەوە، گوتوویانە بەشی ئایتی دەتوانێت لە زۆر شوێنی دیکەدا کاری دەستبکەوێت.
 
بەگوتەی ئەڤین، کە ماوەی پێنج ساڵە زانکۆی تەواو کردووە، هەتاوەکو ئێستا کاری دەستنەکەوتووە، بۆیە ئێستا خەریکی کاری جووتیارییە و قارچک دەچێنێت، تاوەکو لە پاشەڕۆژدا ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆی.
 
دەرچووانی بەشەکانی: کوردی، جوگرافیا، شوێنەوار، عەرەبی و شەریعە و چەند بەشێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بەدەست نەبوونی کارەوە دەناڵێنن، ئەوە جگە لەوەی لە ساڵی 2012ـەوە کەسیان دانەمەزراون.
 
خەملین سەعید، دەرچوویەکی زانکۆیە لە دهۆک، باس لەوە دەکات دەستکەوتنی کار لە کوردستان ئێستا "بۆ کوڕی کەشخەیە، یان بۆ کچی مۆدێل و ئەوانەی واستەیان هەیە".
 
دەرچوویەکی دیکەی زانکۆ بەناوی لۆرین محەممەد دەڵێ، "لە کوردستان زیاتر گرنگی بە دەرچووانی بگەشە پزیشکییەکان دەدرێت و ئەوان لە هەموو شوێنێکدا کاریان دەستدەکەوێت".
 
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران کرا و وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتەکانی پەروەردە و رۆشنبیری و پلاندانان راسپێردران بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ ئەو پسپۆڕییانەی لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دەخوێنرێن، کە لەگەڵ پێویستیی بازاڕ بگونجێن، بەڵام تائێستا هیچ نەگۆڕاوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی پیشەیی کارنەکردنی دەرچووانی زانکۆ لە بوارەکانی خوێندنیاندا بۆ چوار هۆکار دەگەڕێتەوە: نەبوونی هەماهەنگیی باش لەنێوان کەرتی تایبەت و حکومەت، هەردوو قەیرانی دارایی و سیاسی، هەندێک پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی پێویستیی بازاڕ نین و چوارەمیشیان دانەمەزراندنە لەلایەن حکومەتەوە لە 10 ساڵی رابردوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.