لە رووها سەرۆکشارەوانییەک وازی لە دەم پارتی هێنا

30-04-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بەگید، سەرۆکی شارەوانیی بیرەجیک لە پارێزگای رووها باسی لە دەستوەردانی دەرەکی کرد و دەستلەکارکێشانەوە لە دەم پارتی راگەیاند.
 
دوای مانگێک لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، محەممەد بەگید، کە بەربژێری دەم پارتی بوو بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارۆچکەی بیرەجیک و براوە بوو، لەگەڵ چوار ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکەی دەستیان لە دەم پارتی کێشایەوە. 
 
سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند، لەمەودوا شارەوانییەکەیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێت.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا محەممەد بەگید رایگەیاند، گوتەکانی هیچ پەیوەندییەکیان بەو ئەندامانەی دەم پارتییەوە نییە کە متمانەیان پێکردن و دەنگیان پێداون، گوتی "هیچ رێگەیەکی تێناچێت دەستوەردانی گرووپێک لە دژی ئاڵامان، پۆستەری ئەتاتورک و پۆستەری سەرۆککۆمارمان قبووڵ بکەین." 
 
بەگید هەروەها باسی لە دەستوەردانی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی شارەوانی کرد و گوتی "لە دوای هەڵبژاردن لە بابەتی بەڕێوەبردنی شارەوانیدا دەست بە گوشاری دەرەکی کرا. من، دەمەوێت شارەوانییەکەم لەگەڵ خەڵکی بیرەجیک بەڕێوەببەم. تەنیا خەڵکی بیرەجیک دەتوانێت شارۆچکەکەی خۆی بەڕێوەببات و لەم بابەتەدا پێداگرم." 
 
سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بیرەجیک رایگەیاند، هیچ ویستێک لەسەر ویستی خەڵک نییە "لەبەر ئەم هۆکارانە، من و چوار لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەمان دەستمان لە دەم پارتی دەکێشینەوە. لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی بیرەجیک، بەشێوەیەکی سەربەخۆ درێژە بە کارەکانمان دەدەین و لە ژێر فەرمانی خەڵکی بیرەجیکدا دەبین." 
 
دەنگۆی پەیوەندیکردنی بەگید بە ئاکپارتییەوە هەیە.
 
دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، محەممەد بەگیدی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بیرەجیک بەربژێرکرد. بەگید 54.39٪ـی دەنگەکانی بردەوە. لەوکاتەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەگید نیازی هەیە بچێتە ریزەکانی ئاکپارتی. بەڵام هەفتەی رابردوو ئەو دەنگۆیە لە لاپەڕەی فەرمیی شارەوانیی بیرەجیکەوە رەتکرایەوە.
 
رۆژی 31ـی ئاداری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. جەهەپە لەسەر ئاستی تورکیا  یەکەم بوو و سەرۆکایەتیی 35 شارەوانیی بەدەستهێنا. ئاکپارتی رێژەی 35.49٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا دووەم بوو، دەم پارتی  بەدەستهێنانی 5.70٪ـی دەنگەکان براوەی سێیەم بوو و سەرۆکایەتیی 10 شارەوانیی شارەکانی بەدەستهێنا. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".