رووداو-هەولێر
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق چەند تەقینەوەیەك و هێرشێكی چەكداران ئەمڕۆ چەند بنكەیەكی دەنگدانیان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق كردە ئامانج و بوونە هۆی كوژران و بریندربوونی ژمارەیەك پۆلیس و دەنگدەر.
لە گوندی چەغماخچی سەر بە شارۆچكەی دوبز لە باكووری كەركووك بۆمبێكی چێنراو لە نزیك بنكەیەكی دەنگدان تەقییەوەو بووە هۆی كوژرانی دوو ئافرەت، كە بەڕێوە بوون بۆ دەنگدان.
هاوكات لە شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا لە ئاكامی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە ناوچەكانی یەرمووك و شیفائی رۆژئاوای شارەكە، پێنج دەنگدەر بریندار بوون، جگە لە كوژرانی خۆكوژێك لەلایەن سوپای عێراقەوە كە بەنیازبوو بە رێگەی پشتێنەی بۆمبڕێژكراو خۆی بە بنكەیەكی دەنگدان لە كەناری چەپی دەریای موسڵ بتەقێنێتەوە.
هەروەها لە شاری رومادی سەنتەری پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق دوو مووشەك ئاراستەی بنكەیەكی دەنگدان لە رۆژهەڵاتی رومادی كرا.
هاوكات لە شارۆچكەی بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەددین خۆكوژێك بەنیازبوو خۆی بە بنكەیەكی دەنگدان بتەقێنێتەوە، بەڵام پۆلیسێكی پاسەوانی بنكەكە رێگەی لێگرت و خۆكوژەكە خۆی پێتەقاندەوەو لە ئاكامدا 10 دەنگدەر و پۆلیس كوژران و برینداربوون.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی سەڵاحەدینیش ئەمرۆ چوارشەممە رایگەیاند پۆلیسێك لە بنكەیەكی دەنگدان لە باكووری سەڵاحەدین دوای ئەوەی باوەشی كردووە بە خۆكوژێكدا گیانی لە دەستداوەو 9 دەنگدەر بریندار بوون كە سیانیان پۆلیس بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ