رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلام سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 11:30 پێشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە رێگەی نێوان شارەکانی ئیلام و مێهران و لە سێ رێیانی جوندوڵڵا روویدا و بارهەڵگرێک خۆی بە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتدا کێشا و بارهەڵگرەکە کە قیری هەڵگرتبوو، ئاگری گرت.
ئەبولفەزل کەهزادی، فەرماندەی پۆلیسی رێگەوبانی ئیلام لەبارەی هۆکاری رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ستۆپی بارهەڵگرەکە کێشەی هەبووە و شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات، بۆیە خۆی بە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتدا کێشاوە.
لەو رووداوەدا شۆفێری بارهەڵگرەکە و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و 11 کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی ئاماری دادپزیشکیی ئێران، لە 9 مانگی یەکەمی ئەم ساڵی هەتاویدا 130 کەس لە پارێزگای ئیلام بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. لەو ماوەیەدا لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش 14 هەزار و 945 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ