کوردستان
جگە لە کۆچبەران، 15 کەسی دیکە بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەر کراون. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، 129 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران و 15 کەسیش بە تۆمەتی قاچاخچێتییی بە کۆچبەران خرانە زیندانەوە.
تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای رووها رۆژی پێنجشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە سەرتاسەری پارێزگاکە ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەری نایاسایی دەستپێکرد.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 129 کۆچبەری نایاسایی و 19 کەسیش بە تۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکران. دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کران.
پارێزگای رووها ئاماژەی بەوەداوە، حەوت کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران دەستبەسەرکران و رەوانەی دادگە کراون و بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
ئەو 19 کەسەش کە بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە دەستبەسەرکرابوون، دوای وەرگرتنی گوتەکانیان رەوانەی دادگە کران.
دادگە بە تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە کۆچبەران فەرمانی گرتنی بۆ 15 کەسیان دەرکرد و خرانە زیندانەوە. چوارکەسەکەی دیکەش دووانیان بە مەرجی دادوەری ئازاد کران و دوو کەسەکەی دیکەش بەبێ مەرج ئازاد کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ