کوردستان
دیمەنێکی کۆبوونەوەکەی ئاوات جەناب نووری، هیوا ئەفەندی و بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری، وێنە: DIT
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتی خانووبەرە رایگەیاند کارەکان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن و پێیوایە جگە لە گەڕانەوەی کات، هەڵگرتنێکی دروستترە بۆ دۆسیەکانی خانووبەرە و پاراستنیان لە دەستکاریکردن و ساختەکاری.
د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-8-2023) رایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەئەلیکترۆنیکردن و دیجیتاڵکردنی کەرتی خانووبەرە بەردەوامن و، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو سیستەمە چەند ساڵێکی پێویستە، بەڵام کارەکان و هەنگاوەکان دەستیانپێکردووە."
دکتۆر لوقمان عومەر پێیوایە، سیستەمەکە زۆرباشە "ئەو کەرتە پارێزراوتر دەبێت بەتایبەتی لە دزین و ساختەکردن و دەستکاریکردن، ئەوەش وادەکات متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکانی حکومەت و کارەکانی زیاتر بێت."
سەبارەت بە کاتی کارکردن بە سیستەمە نوێیەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە ئاماژەی بەوەدا، یەک مامەڵەی تۆماری خانوو لە 400 مامەڵە پێکدێت، هەمووی زانیاریی وردی تێدایە، بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەو کارانە، کاتی زۆری دەوێت، دەبێت هەموو زانیارییەکان لەلایەن فەرمانبەری راهێنراوەوە داخڵبکرێن، ئەوەش پێویستی بەکات دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە گوتیشی "سەرجەم کارەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، تۆمارکردن، گۆڕین و هەموو مامەڵەکان لە رێگەی ئەو سیستمەوە دەبێت تاوەکو کۆتایی، بۆیە دوای تەواوبوونی، ئاسانکاریی زیاتر بەردەست دەکات بۆ فەرمانبەران و بۆ هاووڵاتیان و دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی رۆتین."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، سەرەڕای پەیڕەوکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی کەرتەکە، دەستبەرداری شێوازی پەیڕەوکراوی ئێستا نابن و گوتی هەردوو سیستمەکە پەیڕەو دەکرێن.
رۆژی دووشەممە، 28-8-2023، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد و لەگەڵ هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگە و دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی لە پرێزنتەیشنێکدا سیستمی بەدیجیتاڵکردنی فۆڕمی خەمڵاندنی گشتیی باجی زەوی و خانووبەرە راگەیێنرا، کە لەلایەن ستافی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراوە و بەمنزیکانە دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت.
دکتۆر کەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرەی میری رایگەیاند، سەدان هەزار خاوەن موڵک و کرێچی لە سیستەمەکە سوودمەند دەبن و داتای دروست بەردەست دەخات و چەندین کێشە لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچی ناهێڵێت و کارئاسانی تەواو بۆ رایکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانی باج و خانووبەرە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ