بێگەرد تاڵەبانی: لە وەرگرتنی گەنم ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

29-04-2024
رێناس ساڵح
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە بەغدایە، بە داتای سەتەلایت بۆ بەغدای دەسەلمێنێت کە بڕی زەویی داچێنراوی هەرێمی کوردستانی بە گەنم چەندە و دەڵێت: "ئەو گومانانەی عێراق لە جووتیارانمان هەیانە بێ بنەمان و لە وەرگرتنی گەنم ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت." 
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەستی بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کردووە.
 
بە بڕیاری حکومەتی عێراق، هەموو گەنمی ئەم ساڵ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی وەردەگیرێت، تەنانەت ئەوەی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی ئەم وەرزەش دایە. بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان بڕێکی دیاریکراو وەردەگیرێت. 
 
بۆ ئەو پرسە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی بازرگانی کۆدەبێتەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "هەموو داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردووە، ئەم ساڵ لە رێگەی داتا سەتەلایتەوە رووپێویمان بۆ زەوی داچێنراو بە گەنم کردووە کە نزیکەی سێ ملیۆن دۆنم زەوییە. پێشبینی دەکرێت بڕی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان سەرووی دوو ملیۆن تۆن بێت."
 
دەشڵێت: "بیانووەکانی وەرنەگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی نییە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی:
 
رووداو: هەموو جووتیاران یان ئەوانەی لە بابەتی کشتوکاڵ کار دەکەن کاتێک تۆ سەردانی بەغدا دەکەیت چاویان لەوەیە کە تۆ چی دەڵێیت، جا با من لە زمانی ئەوانەوە بڵێم، ئەمجارە بۆ لە بەغدای؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: هۆکاری هاتنمان بۆ بەغدا چەند هۆکارێکی هەیە؛ لەوانە، بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاو کە گوتاری تایبەتمان هەبوو، هەروەها مژاری دووەمان ئەوەیە سەردانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق بکەین لەگەڵ لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران. لەسەر بابەتی رۆژژمێری جووتیاری جووڵەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
رووداو: باشە، لە بابەتی کشتوکاڵدا بێینە سەر گەنم. خەڵک زۆر چاوی لە گەنمە ئەوەی عێراق رایگەیاندووە هەموو گەنمی ئەم ساڵ وەردەگرێت، بەڵام هەرێمی کوردستانی تێدا نییە، وەکو ژمارەیەک پەرلەمانتار ئاماژەی پێدەکەن، بەڕاستی تێیدا نییە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ناکرێت بڵێین تێیدا نییە، بەڵام دەکرێ بڵێین وەکو ئەوە نییە، بەڵام ئەوەی دەکرێت زوڵمە بەرامبەر جووتیارانی هەرێمی کوردستان. ئێمە هەموو ساڵێک بە پێی ئەو داوکاریانەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەیەتی دیاریکردنی رووبەری داچێنراو دیاریکردنی رووبەری دێمی و بەراو، ژمارەی جووتیارەکان، هەموو ئەو فۆرمانەی کە پێویستن هەموو پابەندییەکانی خۆمان 100٪ جێبەجێ دەکەین.
 
رووداو: ئەمە پێشوەخت دەنێرن؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ، پێشوەخت هەموو شتەکان دەنێرین. کاتێک دێتە سەر وەرزی پێگەیشتنی گەنم و کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان و بەبازاڕکردنی گەنم لیژنەیەک هەیە لە عێراق لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، نوێنەری ئێمە، وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی پلاندان، ئەمانەی تێدایە. لەوێدا باسی ئەوە دەکرێت کە ناتوانن بڕی هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
 
رووداو: بۆ؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بیانووی زۆر دەهێننەوە، بەڵام من پێم واییە هیچ یەک لە بیانووەکان بنمایەکی نییە. بۆ ئەوەی ستەم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت. ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری بیانووەکان ببڕین، بۆ نموونە ئەوان لە رابردوو بە گومان باسی رووبەری داچێنراوی گەنم لە هەرێمی کوردستان قسەیان دەکرد، دەیانگوت ئەو رووبەرەی ئێوە دەینێرن ناڕێکە، هەر لە خۆتانەوە رووبەرێک بە ئێمە دەڵێن، بۆیە ئەم ساڵ لە رێگەی داتا سەتەلایتەوە رووپێوی تەوامان بۆ زەویی داچێنراو بە گەنم لە هەرێمی کوردستان کرد، نزیکەی 3 ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێنراوە. 
 
رووداو: ئەمەتان بە وێنەی سەتەلایت داتا ناردووە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ لیژنەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە کوردستان بوون. لەبەردم لیژنەکە داتاکانمان پیشاندا، ئەوان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی راستەوخۆ بچنە کێڵگەی جووتیارەکان و راستەوخۆ خەمڵاندن بۆ بڕی بەرهەم بکەن. بۆ ئەوەی بزانن لە دۆنمێک زەوی داچێنراو بە گەنم بەرهەمەکەی چەند دەبێت، غەدرەکە لێرە دەکرێت، چونکە بڕی وەرگرتنی گەنم بۆ دۆنمێک زەوی لە هەرێمی کوردستان جیاوازە لە بڕی وەرگرتنی گەنم لە ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق. بۆ ئەوان بڕەکە دیاری ناکرێت؛ هەمووی وەردەگیرێت، بەڵام بۆ ئێرە دیاری دەکرێت. بۆیە ئێمە ئەم ساڵ لەبەر رۆشنایی هەموو داوکارییەکانی عێراق چ وەرگرتنی رووپێوی زەویی داچێنراو بە گەنم یان زانیاریی جووتیارەکان کە لە رێگەی فۆرمەوە پڕمانکردووەتەوە، ناردوومانەتە بەغدا. لیژنەش لەوێوە بە کردەیی سەردانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەبەر ئەوە لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق کۆدەبینەوە. وەزیری بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدا دەکات و دێتە کۆبوونەوەکان بۆ ئەوەی ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو پێشوەختە رێکبکەوین لەگەڵ عێراق کە دەبێت جووتیارانی ئێمەش وەک نێوەڕاست و خواری عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
 
رووداو: کەواتە بە گوێرەی ئەو داتایانەی ئامادەتان کردووە، گوتت داتای سەتەلایتە؛ دەبێت عێراق بیانوو بڕبکرێت لەسەر ئەو هەموو گومانانەی کە هەموو ساڵێک دەیخاتە سەر بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە ئامادەین، تیمی هونەریمان لەگەڵە و لیژنەی خۆشیان بە مەیدانی سەردانی زەوییەکانیان کردووە، هەموو داتا رووپێوییەکانمان ناردووە بۆ بەغدا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ گفتووگۆکردن و ئامادەین پێداگری بکەین. چونکە هەنگاوەکانمان هەنگاوی زانستین. هەنگاوێکن لەسەر بنەمای دروست بونیاد نراون بەدڵنیاوە ئێمە ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو ئامادەین.
 
رووداو: پێشبینی دەکەیت بەرهەمی ئەم ساڵی گەنمی جووتیاران چەند بێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بە پێی پێشبینی ئێمە بڕی بەرهەمان دەگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن گەنم. رەنگە بگاتە دوو ملیۆن و نیو تۆن گەنم. 
 
رووداو: پێشبینی دەکرێت عێراق نزیکەی شەش بۆ شەش ملیۆن نیو تۆن گەنم بەرهەمی هەبێت بە گوێرەی فاو، کەواتە دوو ملیۆن تۆنی لە هەرێمی کوردستانە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: لیژنەی عێراق کە هاتن سەردانی ئێرەیان کرد بە ئاشکرا بە ئێمەیان گوت رێژەی گەنممان زۆر زۆرە، بۆیە گوشارێکی زۆرمان لەسەرە، بەڵام نابێت ئەو گوشارە زۆرەی لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە بۆ گەنم کاریگەریی لەسەر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکرێت. سەردانەکەی ئێمە بۆ ئەوەیە بڵێین، دەبێت بە یەک چاو سەیربکرێن ناکرێت هیچی تر ئەو ستەمە لە جووتیاری هەرێمی کوردستان بکرێت.
 
رووداو: کەواتە ئامانجی ئێوەش ئەوەیە کە بەو پارەیەی عێراق دەستنیشانی کردووە کە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە، هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بە دڵنیایەوە سەردانەکەمان بۆ ئەوەیە جیاوازی نەکرێت و بەهەمان نرخی گەنمی جووتیارانی ئێمەش وەربگیرێت.
 
رووداو: هیچ ئاماژەیەکتان وەرگرتووە لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق کە هیواتان لەسەری هەڵچنیبێ کە ئەمە قبووڵ بکرێت؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەزانی با پێشوەختە من بەر لەوەی بە فەرمی لەگەڵیان قسە بکەم هیچ شتێک نەڵێم، بەڵام لیژنەکانیان کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، بیانووی زۆر دەهێننەوە، کە ناتوانن ئەو بڕە وەربگرن، بەڵام بەڕاستی ئەمە لە ناخەوە ئێمەی نیگەران کردووە. بۆیەش بە خێرانی دوای ئەوەی لە دوو بۆ سێ رۆژی رابردوو ئیشی خۆیان تەواو کرد کەشفی کێڵگەیان تەواو کرد، سەردانی هەموو ناوچەکانیان کر. بڕیارماندا سەردانی بەغدا بکەین. پێشوەختە بەر لە کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان قسەی جدی بکەین.
 
رووداو: بێگەرد خان من پێشتریش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ بەرنامەم کردووە گوتەبێژەکانیان میوانم بوونە ئەوەی کە ئەوان باسی دەکەن دەبێت چارەسەرێکی ریشەیی هەبێت تەنیا گومانەکە لەسەر گەنم نییە، کە باسی مریشک دەکەین ئەو گومانە دەخەنە سەری کە باسی هێلکە دەکەین ئەو گومانە دەخەنە سەری کە باسی تەماتە و خەیار دەکرێت بەهەمان شێوە خۆت بەردەوام لە نێو ئەم کێشەدای وەک کورد دەڵێت "پێیەکت لە بەغدایە" ئەو رێگرییانە بەردەوام دەبینیت ئەو هەموو گومانە چییە لەلایەن عێراقەوە؟ 
 
بێگەرد تاڵەبانی: با من وەڵامێکت بدەمەوە، ئومێد دەکەم خۆیان هەردوو وەزیرە بەڕێزەکە، گوتەبێژەکانیان، لایەنی پەیوەندیداری بابەتەکە گوێی لێبێت. بۆ لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە هێلکەیە و بڕی بەرهەمی هێلکە لە کێڵگەکانی خۆیان کەم دەبێتەوە نرخی هێلکە بەرزدەبێتەوە لە عێراق بەبێ ئەوەی گومان لە هیچ بەرهەمێکی ئێمە بکەن دەڵێن هێلکە و مریشک با داخلبێت، کاتێک کە پێویستیان بە بەروبوومە و بۆ ئەوەی نرخی بازاڕیان دابەزێنن گومان لە هێچ بەروبوومێکی ئێمە ناکەن دەڵێن بابێت داخلبێت. بۆ کاتێک بەرهەمی خۆیان پێدەگات گومان دەخەنە سەر بەرەهەمەکانی ئێمە دەرگاکانیان دادەخەن بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان ساخبکەنەوە. ئەوەی دەگوزەرێت لە عێراقدا من پێم وایە بنەمایەیکی ئەوەندە دروستی نییە. پێمان دەڵێن وەڵا ئێوە دەروازەکانتان کۆنترۆڵ ناکەن، بەڵام هیچ دەروازەیەکی عێراق کۆنترۆڵ نییە. ئەگەر باس لە بەرهەمی هاوردە دەکرێت من وەک وەزیری کشتوکاڵ دەیان نووسراوی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراقم لایە کە باس لە هاوردەکردنی مریشک، هێلکە و بەرووبوومی بیانی دەکات بۆ نێو بازاڕەکانی عێراق. واتە داوای رێگەپێدان دەکەن. من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە بە متمانەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین. ئێمە لە ساڵی رابردوودا پێویستمان بەوە بوو کە بازاڕی عێراق بکرێتەوە بە رووی جووتیارەکانی ئێمەدا بەتایبەتی جووتیارانی ناوچەی پێنجوێن، ناوچەکانی دهۆک و حاجی ئۆمەران. بۆ ناردنی تەماتەی خۆماڵی بۆ بازاڕەکانیان سوپاسی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکەم کە یارمەتیان داین، ئەم ساڵ لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتە جووتیارەکانی ئەوان پێویستیان بە ئێمە بوو هەر ئەو رۆژەی جووتیارەکانی ئەوان هات سەردانمیان کرد، یەکسەر هەمان رۆژ نوسراوێکم کرد بۆ گومرگ هەموو مەرزەکانمان داخست و دەرگاکانمان بەرووی ئەواندا کردەوە، لە چەند هەفتەی کۆتایی نرخی تەماتە زۆر بەرزبووەوە، بەڵام بە خاتری جووتیارانی ئەوان قبووڵی ئەو نرخانەمان کرد. ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان زۆر ئاسانکاریمان کردووە پێموایە گومانی ئەوان گومانێکە لە قاڵبێکی سیاسی بۆ ئەوەی کێشەمان بۆ دروست بکەن.
 
رووداو: هەرچەندە دەستووری عێراق رێگری دەکات لەوە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت بەرهەمی عێراق و بازرگانی کردن لە سەرانسەری وڵات ئازاد بێت. ئەو گومانانەی ئێستا هیچ رێگریەک هەیە لە هاوردەکردنی هێلکە، مریشک، تەماتە و خەیار یان هەر بەرهەمێکی دیکە. 
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێستا دەتوانم بڵێم ئێمە لە بابەتی رۆژژمێری کشتوکاڵی گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی زۆر باش، لیژنەی هاوبەشمان هەیە لە گەڵ یەکتریدا لە کاتێکدا ئەوان پێویستیان بە ئێمە بێت ئێمە هاوکارین ئێمە پێویستمان بەوان بێت ئەوان هاوکارن ئێستا سووپاس بۆ خوای گەورە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی چارەسەر بووە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە پەیوەندی بەردەوامان هەیە من خۆم لەگەڵ جەنابی وەزیر و تیمەکانمان لەگەڵ یەکتری ئەمەش وایکردووە بە راستی تێگەیشتنمان زیاتر بووە، کە تێگەیشتنیشت هەبوو بەدڵنیایەوە کێشەکان کەمتر دەبنەوە.
 
رووداو: بەرێز بێگەرد تاڵەبانی زۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە.
 
بێگەرد تاڵەبانی: سوپاس بۆ ئێوەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''