دەمیرتاش بۆ ئامەدسپۆر: ئێمەتان خستە گریان

29-04-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەوە بە زمانەکانی کوردی و تورکی، پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد.
 
لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەلاحەدین دەمیرتاش ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2024 بڵاویکردووەتەوە، "ئێمەتان لێرە خستە گریان ئەی زاڵمینە. لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم، رێگەتان واڵا بێت".
 
دەمیرتاش هەروەها بە کرمانجی نووسیویەتی، "رێگەی تۆ واڵا بێت، ئەی شاری ئەوینی من". 
 
لە راگەیێندراوەکەدا وێنەی سەلاحەدین دەمیرتاش و باشاک دەمیرتاشی هاوژینی بە درێسی ئامەدسپۆرەوە بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەگەرچی راهێنەر و یاریزانانی ئامەدسپۆر بە درێژایی ئەم وەرزە و تاوەکو سەرکەوتنیش کەمترین لێدوانیان بۆ میدیاکان دا و خۆیان لە قەرەی ململانێی سیاسی نەدا، بەڵام دیسانەوە بەشێک لە سیاسەتڤانانی نەژادپەرست و نەتەوەپەرست، بە ئاشکرا هێرشیان دەکردە سەر ئەو یانەیەی ئامەدی باکووری کوردستان. 
 
دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 7ی ئاداری 2023، دوای ئەوەی لە بورسە هێرشکرایە سەر یاریزانانی ئامەدسپۆر، بە ئاشکرا پشتگیریی لە هێرشکارەکان کرد و گوتی، "لای ئێمە شوێنێک بە ناوی ئامەد نییە. ناشتواندرێت باس لە یانەیەک بەناوی ئامەدسپۆر بکرێت". 
 
هەروەها ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە پارتێکە لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کۆچبەران دامەزراوە، بە ئاشکرا دژایەتیی ئامەدسپۆر دەکات.
 
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێک لە بەڵێنەکانی ئومیت ئۆزداغ ئەوە بوو، ئەگەر دەسەڵات وەربگرێت راستەوخۆ کۆچبەر و پەنابەران دەردەکات.
 
ئایاری 2023 ئومیت ئۆزداغ لە گوتارێکیدا بەڵێنی بە خەڵک دا کە ئەگەر بچێتە دەسەڵات، یانەیەک بە ناوی ئامەدسپۆر لە خولەکانی تۆپی پێی تورکیا شوێنی نابێتەوە. ئۆزداغ هەروەها باسی لەوە کرد، دیاربەکر سپۆریان قبووڵە، بەڵام ئامەدسپۆر نا.
 
دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە ئامەدسپۆر بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی پلە یەک، بەشێکی زۆر لە هاندەرانی ئەو یانەیە بە توانج، وێنە و ڤیدیۆی ئومیت ئۆزداغیان بڵاوکردەوە.
 
لە هەفتەی 34ی خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بە ئەنجامی 1-0 لە یانەی سۆماسپۆری خانەخوێی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولەکە.
 
ئامەدسپۆر کە نوێنەرایەتیی شاری ئامەد دەکات، لە هەفتەی پێش کۆتایی خولەکەدا پاڵەوانبوونی خۆی یەکلایی کردەوە. بەگوێرەی ئەم ئەنجامە ئامەدسپۆر ساڵی داهاتوو لە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا یاری دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".