باوکی سێ منداڵ جگەری لەکارکەوتووە و نەشتەرگەرییەکەی 40 هەزار دۆلاری پێویستە

29-03-2024
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
سەرباری نەخۆشی، هەژاریش لەولاترەوە باری سەر شانی ئەو خێزانەی گرانتر کردووە.
سەرباری نەخۆشی، هەژاریش لەولاترەوە باری سەر شانی ئەو خێزانەی گرانتر کردووە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زیاتر لە ساڵ و نیوێکە نەخۆشیی جگەری رووناکی لە رۆژەکانی ژیانی بڕیوە، هێزی جەستەی تا دێت کەمتر دەبێتەوە و ئازار تەنیا پاڵکەوتنی لەسەر تەختی خەو بۆ هێشتووەتەوە. تەنانەت بۆ ئاو خواردنەوە و دانیشتن و هەڵسانیش هاوژینەکەی دەبێت یارمەتی بدات.
 
ئەو پیاوە ناوی وەلید سلێمانە، تەمەنی 47 ساڵە و باوکی چوار منداڵە، جگەری تووشی هەوکردن بووە و پزیشک پێی گوتووە بە زووترین کات دەبێت جگەری کەسێکی دیکەت بۆ بچێندرێت. 
 
وەلید دەڵێت، "خوێنبەربوونەکەم زۆر بوو لە لووت و دەمم دەهات، کاتێک دەڕشامەوە هەمووی خوێن بوو، زۆر ماندوو دەبووم، دوو بۆ سێ رۆژ لە نەخۆشخانە دەخەوێنرام لەبەر خوێنبەربوون، زۆر ماندوو دەبووم، ئێواران دوو بۆ سێ کاژێر وەک ئەوە وایە بە پلایس گۆشت لە جەستەم بگرن، تاوەکو کاژێر 04:00 و 05:00ـی بەیانی ناتوانم بخەوم." 
 
سەرباری نەخۆشی، هەژاریش لەولاترەوە باری سەر شانی ئەو خێزانەی گرانتر کردووە. 
 
پێش ئەوەی باوکی منداڵەکان گرفتاری ئەو نەخۆشییە سەختە ببێت، شۆفێری کارگەیەک بوو لەگەڵ مووچەی شۆفێریەکەشی مووچەیەکی خانەنشینی باوکی وەردەگرت کە 400 هەزارە و بە گوتەی خۆیان ژیانیان باش دەگوزەراند، بەڵام دوای ئەو نەخۆشیە نەمانی توانای کارکردنی تەنیا داهاتیان ئەو 400 هەزارەیە کە 350 هەزاری دەبێت بدەن بە کرێ و بۆ تەواوی خەرجی دیکەی ژیانیان بە دەرمانەکانیش دەبێت چاویان لە دەستی دراوسێ و خەڵکی خێرخوازبێت. ساڵی رابردووش بەهۆی هەژارییەوە نەیانتوانیوە کوڕەکەیان بنێرن بۆ قوتابخانە. 
 
هاوژینی وەلید دەڵێت، "لە مارکێت و دەرمانخانە هەموو شت بە قەرز دەهێنم، تەنیا ئەو نەشتەرگەرییە بکرێت و باشبێت، بتوانێت کار بکات بۆ ماڵ و منداڵەکەی و تەواو، نەشتەرگەرییەکی زۆر گەورەیە."
 
تێچووی نەشتەرگەریی چاندنی جگەر بۆ ئەو نەخۆشە 40 هەزار دۆلارە و جگە لەوە بەخشەرێکیش دەبێت جگەری پێ ببەخشێت، دکتۆر محەممەد کە پزیشکی تایبەتیی ئەو نەخۆشەیە دەڵێت، گەیشتووەتە قۆناخەکانی کۆتایی.  
 
دکتۆر محەممەد نیازی، پزیشکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری هەرس و جگەر و پەنکریاس دەڵێت، "ئەو نەخۆشە وادیارە لەمێژە تووشی هەوکردنی جگەر بووە، بەهۆی ئەوەی بەرگری لەشی دژی جگەری وەستاوەتەوە، پێی دەگوترێت Autoimmune hepatitis، بەگوێرەی پشکنینەکان لە قۆناخە کۆتاییەکاندایە، ئەوانەی کە جگەریان بۆ دادەنرێت هەندێک جار دەڵێین لە ماوەی شەش مانگ رەنگە 20٪ بۆ 30٪ تووشی کێشە ببێت کێشەکانیش لە هیچ تاوەکو مردن ئەگەری بۆ دادەنێین، هەروەک گوتم رەنگە هەر هەوکردنێک تووشی ئەم پیاوە ببێت نەتوانێ لێی دەربچێت."
 
کۆڵەکەی خێزانێک و چەتری ژیانی سێ کچ و کوڕێک لە دۆخێکی تەندروستی و ئابووری و دەروونیی ئێجگار خراپدایە، ئەم خێزانە نزا و هیوایان تەنیا بە دەستێکی هاوکارە کە رووناکی بگەڕێنێتەوە بۆ ژیانیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە