رووداو دیجیتاڵ
کانی بەست بەرزترین تاڤگەی سەر ئاستی عێراق و باشووری کوردستانە. بەرزییەکەی 36 مەترە، لەم وەرزەی ساڵدا تاڤگەکە دەیبەستێت، هەر لەبەر ئەوەشە ناونراوە کانی بەست. ساڵی 2015 لەگەڵ چاپکردنی دراوی 50 هەزار دیناری عێراقی، وێنەی تاڤگەکە لەسەر دراوە نوێیەکە چاپکرا.
رێگەی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزاریی گەشتیاری لە دەوروبەری تاڤگەکە نین، ئەگەرنا چوار وەرزی ساڵ گەشتیار رووی تێدەکەن. تاڤگەی کانی بەست دەکەوێتە گوندی وەڵزەی شارۆچکەی قەسرێ لە پارێزگای هەولێر. سەرمای تەزێنەر رێڕەوی ئاوی تاڤگەکەی بە چەند ئاراستەیەکدا بردووە.
هیوا قەسرێی، هاونیشتمانییەکی گوندی وەڵزەیە و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ناوی کانی بەستە لە وەرزی زستان تەواو دەیبەستێت و دەبێتە یەک پارچە بەستەڵەک، ساڵی رابردوو زیاتر بەستبووی، چونکە بەفر و سەرما زیاتر بوو، بەڵام ئەمساڵ کەشوهەوا گەرمتر بوو لە ساڵان، بۆیە کەمتر بەستوویەتی."
چلوورەکانی تاڤگەکە بە درێژایی زیاتر لە دوو مەتر هاتوونەتە خوارەوە. کانی بەست کەوتووەتە بناری چیاکانی شێخ ناسر و کۆخە کە نزیکەی دوو هەزار مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزن.
سەرچاوەی ئاوی تاڤگەکە کانیاو و بەفری تواوەیە، رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانی پێ نەگەیشتوون.
شەماڵ وەڵزی، خوێندکارێکی گوندی وەڵزە و گوتی: "بەتەنیا لە زستاندا دیمەنەکانی دڵگیرنین، لە وەرزەکانی دیکەش و بەتایبەت بەهار وەکو بەهەشتە، رێگەکەی قیرتاو بووایە و خزمەتگوزاریی هەبووایە لە هەر چوار وەرزی ساڵ گەشتیار بۆی دەهاتن."
لە مانگی تەممووزدا بەرزترین پلەی گەرمی دەگاتە 35 پلەی سیلیزی. کانی بەست بە دووری 152 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ