کوردستان
وێنەی دوای بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان لە زڕگوێز. وێنە: هۆرڤان رەفعەت - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، تائێستا 15 کەس گیانیان لەدەستداوە و 46 کەسیش بریندار بوون، لە بەرامبەردا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێداگری لەسەر بەردەوامیی خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران دەکەنەوە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی حدکا دەڵێت: "حیزبەکانی رۆژهەڵات خەباتی خۆیان دەبەنە قۆناخێکی نوێوە و ئەو پەلامارانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی وەرچەرخانێکی نوێ دەبێت بۆ خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا".
ئەندامێکی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هێرشەکە "بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی ئێران" وەسف دەکات و دەشڵێت: "ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕینی رێڕەوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و بەتایبەتی کوردستانە".
پتەوکردنی هاوپەیمانی
رۆژی چوارشەممە 28-9-2022 محەممەد ساڵح قادری، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵوێستی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ لەمەوبەدواش هەر هەوڵدان دەبێت بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و هاوپەیمانی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی فارس".
قادری دەڵێت، ئامانجی ئەو هاوپەیمانییە، بۆ ئەوەیە "لەئاستی نێوخۆدا بتوانین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەک پێشەنگایەتی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانە بکەین کە لە دوو هەفتەی رابردوودا دژ بە رژێمی ستەمکاری کۆماری ئیسلامی سەریهەڵداوە".
پێشتر حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان بەرامبەر تاوانی کوشتنی ژینا ئەمینی کرد. ئارام مودەڕیسی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت: "بە بەر چاوی هەموو دنیاوە، کوردستان یەکپارچە وەڵامی داخوازییەکەمانی دایەوە".
11 رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران درێژەیان هەیە، خۆپێشاندانەکان سنوورەکانی ئێرانیان بڕیوە و لە ئەوروپا و ئەمریکا و لەسەر ئاستی دنیا خۆپێشاندان دەکرێت و کۆمەڵێک کەسایەتی لە دنیادا هەڵوێستیان هەبووە و تائێستاش کاردانەوە و هەڵوێستەکان بەردەوامن.
حدکا: ئێران وەڵامی خۆی وەردەگرێتەوە
محەمەد ساڵح قادری کاردانەوەی حیزبەکەی بەرامبەر هێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی دەخاتەڕوو و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "ئەگەر شەهید و بریندارمان هەیە و ئەگەر لە داهاتووشدا ئەو پەلامارانە بەردەوام بن، ویستی خەباتمان سست نابێت و گۆڕەپانی خەباتی ئێمە لە قووڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەبێت و هاوکات لەنێو کۆمەڵگەی مەدەنیدا، بە هەموو رەهەندەکانی خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسی و رێکخستن و میدیایی و بگرە لەبواری خەباتی پێشمەرگانەشدا وەڵامدانەوەمان دەبێت".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا لە هەولێر دەشڵێت: "لە داهاتوودا رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدڵنیاییەوە باجی خۆی دەدات، هەروەکو چۆن بەرامبەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لێنەگەڕاین خوێنی ون ببێت، بە هەمانشێوە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران باجی ئەو پەلامارانە و شەهیدکردنی خەڵکی سیڤیل دەدات جا چ لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بێت یان لەسەر دەستی خەڵکی کوردستان".
قادری ئاماژەی بەوە دا، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات خەباتی خۆیان دەبەنە قۆناخێکی نوێوە و دەڵێت: "ئەو پەلامارانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی وەرچەرخانێکی نوێ دەبێت بۆ جۆشدانی زیاتری خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان".
کۆمەڵە: مانگرتن و خۆپێشاندانەکان فراوانتر دەبن
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند: "ئەو خۆپێشاندانانەی 12 رۆژە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچن، وزە و هێزیان لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگرتووە و لەو بڕیارانەی لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە دەردەچێت، ئاراستە وەردەگرن".
رەنجبەری گوتی: "بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەر بۆ ئەوەی چاوی دنیا لەسەر ناوخۆی ئێران لابدات و هەوڵدەدات ناڕەزایەتییەکان بەرەو تووندوتیژی پەلکێش بکات، بەڵام تا ئەو کاتەش حیزبەکانی رۆژهەڵات نەیانویستووە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات و خۆپێشاندانەکان هێمنانە بەڕێوەبچن".
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە هەولێر پێیوایە: ئێستا گوتاری کورد لە ئێران بووەتە گوتارێکی سەرتاسەری و چووەتە تاران، بۆیە هەڵوێستی کۆمەڵە و پارتە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان رەنگە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە بۆ جارێکی دیکە داوا لە خەڵکەکەیان بکەن بە مانگرتنی سەرتاسەری، وەڵامیان بدەنەوە و بە دنیا بڵێنەوە کە کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعیەتێکی نەماوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشان: ئێران لە شەقام وەڵامی هێرشەکەی وەردەگرێتەوە
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، نیازی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانی ئەمڕۆ، گۆڕینی رێڕەوی خۆپێشاندانەکانە: "هێرشەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کاردانەوەی خەڵکی کوردستان رووبەڕوو دەبێتەوە و لە یەکەم ساتەکانی هێرشەکەی ئەمڕۆوە بە لێشاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە پەیوەندیمان پێوەکراوە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین خەڵک کاردانەوەی تووندیان هەبێت".
مودەریسی پێیوایە: "شەرمەزارکردنی ئەو پیلانگێڕییەی کۆماری ئیسلامی دژی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاو دەبێت و گڕوتینێکی زیاتر بە بزووتنەوەی جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت".
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەبارەی کاردانەوەی حیزبەکەی بەرامبەر هێرشەکان دەڵێت: "لەگەڵ ئەوەی پێشتر بانگەوازمان بۆ مانگرتنی گشتی کردووە، بەڵام هەرگیز خوازیاری ئەوە نین خەڵکی کوردستان بەرینە مەیدانێکی شەڕی نابەرابەر، لەبەرئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بیانووە دەگەڕێت خۆپێشاندانەکانی کوردستان بەرەو تووندوتیژی بەرێت و بە راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و هێنانی هێزی سەربازی زۆرتر بۆ ناو شارەکان ناڕەزایەتییەکان بەزوویی کۆنتڕۆڵ بکات".
بە گوتەی ئارام مودەڕیسی، کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیان بۆ خۆپێشاندانەکان دەردەبڕن، هاوکات دەبێ زۆر ژیرانە ئیدارە و کۆنتڕۆڵی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بکەن بۆ ئەوەی بەرەو تووندوتیژی نەڕوات، لەبەرئەوەی لەو نێوەدا خەڵکی کوردستان زیانی جیدی دەبینێت.
پاک: بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەین
لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا هێزەکانی پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان زۆرترین زیانیان بەرکەوت، بە جۆرێک 9 پێشمەرگەیان گیانیان لەدەستدا و 26یشیان بریندار بوون.
ئەردەڵان خوسرەوی، گوتەبێژی هێزهكانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەین و لە ئامادەباشیداین بۆ هەر ئەگەرێک، هێزەکانمان دامەزراندووەتەوە، ئێستا درۆنەکان دەنگیان نایەت و نایانبینین، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان بۆ ئەو هێرشانە دەبێت."
خوسرەوی گوتی: "لە پشتیوانیکردنی برایانمان لە رۆژهەڵات پاشگەزنابینەوە، ئەوان لەوێ خۆپێشاندان دەکەن دژی ستەم و ئێمەش لێرە قوربانی دەدەین و بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان".
ئاماری قوربانییەکان
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تائێستا شەش پێشمەرگە و ئەندامی ئەو حیزبە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە برینی هەندێکیان سەختە.
حدکا ناوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەو شێوەیە بڵاوکردووەتەوە: میلاد پورساحێب، هاجەر زەرگە، محەممەد خەلیلی، شێرکۆ بەرتەنی، چیچۆ مەحموودزادە و رەیحانە کەنعانی کە دووگیان بوو.
هاوکات گوتەبێژی هێزهكانی پارتی ئازادیی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی مووشەک و درۆنەکانی ئەمڕۆی ئێرانەوە بۆ سەر بارەگاکانی ئەوان لە نزیک پردێ نۆ پێشمەرگەیان گیانیان لەدەستدا و 27یشیان بریندار بوون".
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەو هێرشانەدا هیچ گیانلەدەستدانیان نەبوو، بەڵام دوو برینداریان هەیە، کە لە بارەگای کۆمەڵە چارەسەری سەرەتاییان وەرگرتووە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
زیانە مادییەکان
کاژێر 10:20 بەیانیی رۆژی چوارشەممە 28-9-2022 کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی کردە سەر بارەگای ناوەندی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە گوتەی عەلی رەنجبەری: "سەرەتا هێرشەکان بە چەند درۆنی بۆمبڕێژکراو دەستیان پێکرد و پێنج درۆن خۆیان بە بارەگای ناوەندیدا کێشا. دواتر ژمارەی درۆنەکان زیادیان کرد و ناوەندەکانی سەرکردایەتی و بنکەکانی حیزبی و سکرتاریەت و شوێنی حەوانەوەی ژن و منداڵەکانی پێشمەرگەکانیان کردە ئامانج هەمووانی داڕماند".
رەنجبەری روونیکردەوە: "دوای چەند خولەکێک هێرشەکان چەند مووشەکێکیان تێکەوت و بارەگای 2ی ناوەندی راهێنانی هێزی پێشمەرگەشی گرتەوە، دواتر بارەگایەکی دیکەمان بەناوی شوان کە هێزی پێشمەرگە و کادیرەکانمانی لێ نیشتەجێن، کرایە ئامانج، ئێمە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی بەشێوەی فەرمی و نافەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەکران، خۆمان ئامادەکردبوو و خۆشبەختانە زیانی گیانیمان نەبووە و هیچ پێشمەرگەیەکمان شەهید و بریندار نەبووە".
هاوکات کاژێر 10:14ی بەیانی یەکەم درۆن بەر ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کەوت و ئارام مودەریسی دەڵێت: "دوای چەند خولەکێک دوو درۆنی دیکە خۆیان بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەدا کێشا و دواتر شەش درۆنی دیکە بەر بارەگای کۆمەڵە کەوتن کە سەرجەمیان نۆ درۆن و دوو مووشەک بوون".
بە گوتەی ئارام مودەڕیسی: "لەو هێرشانەدا زۆرترین زیان بەر ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە کەوتووە، بەڵام زیانەکە تەنیا مادییە و بەخۆشحاڵییەوە ئەوکاتەی درۆنەکان خۆیان پێدا کێشاوە، کاتی کارکردنی بەشی راگەیاندن نەبووە و پێشمەرگەکانمان لە ناوەندەکە نەبوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ