بەرپرسانی پاوە: هەوڵدەدەین رێگری بکەین لە وشکبوونی باخەکانی هەورامان

28-08-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

باخەکانی گوندی هانەگەرمەڵە لە ناوچەی هەورامان، پێشتر سەوز دەچوونەوە، بەڵام ئێستا لە دوورەوە کاریگەریی وشکەساڵییان پێوە دیارە.
 
ناوچەی شاخاویی هەورامان، بە کەمی کشتوکاڵی تێدا دەکرێت و زیاتر رەز و باخە، بەڵام وشکەساڵی و کەمئاوی خەریکە باخەکان لەنێودەبات. رۆژی شەممە جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران سەردانی شاری پاوەی کرد بۆئەوەی رێگەیەک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.
 
محەممەد مەهدی برومەندی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئێران رایگەیاند، "پارێزگای کرماشان لە بواری ئاسایشی خۆراکی ئێراندا پارێزگایەکی زۆر گرنگە، بەتایبەت لە بواری باخاتدا، 44 هەزار باخی هەیە و نزیکەی 350 هەزار تۆنیش بەرهەمی میوەی هەیە. لە شاری پاوەدا چوار هەزار هێکتار باخمان هەیە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی وشکەساڵی و کەمیی ئاو، بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بڕیاردرا کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و بەرپرسانی شاری پاوە و پارێزگای کرماشان بکرێت."
 
ناوچەی هەورامان پڕ بوو لە رووبار و کانیاو، بەڵام کەمبوونەوەی بەفر و باران، بەشێک لە سەرچاوەکانی ئاوی وشک کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە سیاسەتی حکومەت بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر رووباری سیروان، کاریگەریی لەسەر دابینکردنی ئاو بۆ باخە هەنارەکان هەبووە.
 
ئارش لهۆنی، نوێنەری هەورامان لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، "بڕیاردراوە لە دوو بواردا هەوڵ بدرێت. یەکەم بۆ درێژماوە، بەڵام بابەتی سەرەکی پرسی کورتمەودایە، کە دەبێت هەندێک رێکاری فریاکەوتنی خێرا بگیرێنەبەر، بۆئەوەی رێگری بکرێت لە وشکبوونی باخەکانی ناوچەکە."
 
کەمبوونەوەی ئاو لەم ناوچەیە، تەنیا هەڕەشە نییە بۆسەر باخەکان، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی دانیشتووانەکەشی دەبێت. ئێستا تەنانەت هەندێک لە گوندەکانی پاوە و نێو شارەکەش لەبەر بێ ئاوی کێشەیان بۆ دروستبووە.
 
ئەردەشیر روستەمی، قایمقامی پاوە ئەوەی خستووەتەڕوو، "لە کورت ماوەدا تانکەری ئاو دابین دەکرێت و بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، هەروەها چەند پەمپێکی ئاو بە شاری پاوە دەدرێت، بۆئەوەی لە کورت ماوەدا باخەکان لە وشکبوون رزگار بکەین، بۆ درێژماوەش شێوازی ئاودێری لە شێوازی کۆنەوە بۆ مۆدێرن بگۆڕین."
 
هەناری هەورامان بەنێوبانگە، هۆکاری ئەمەش خاک و هەوای گونجاو و ئاوی زۆری ناوچەکە بووە، بەڵام ئەم دۆخە جوگرافیاییە خەریکە دەگۆڕێت و ئەمەش واتە لەنێوچوونی بەروبوومی سەدان ساڵەی هەورامان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

جێگری پارێزگار: هۆکاری تەواونەکردنی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە سیاسییە

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "نەدەبووایە حکومەت رازی بێت هەڵەبجە بۆ سەرژمێری وەکو قەزا هەژمار بکرێت." گوتیشی، هۆکاری تەواونەکردنی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەغدا "سیاسییە."