رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ مانگە 130 کارمەندی خۆبەخشی نەخۆشخانەی قەڵا بەبێ مووچە دەوام دەکەن، کارمەندەکان تاوەکو ئێستا لەدەوامکردن بەردەوامن، پێشتر بودجەیان لەلایەن هاوسەرۆکانی یەکێتی بۆ خەرجدەکرا، بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ مانگە مووچەکانیان پێنەدراوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێ مووچەی مانگێکی دیکەیان بۆ خەرجدەکرێت و پێشیوایە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەو مووچەیەیان پێبدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-07-2021 لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، تاوتوێی کێشە و گرفتی کارمەندە خۆبەخشەکانی نەخۆشخانەی قەڵا لە گەرمیان کرا، کە تایبەتە بە تووشبووانی کۆرۆنا و زیاتر لە 160 کارمەندی هەیە.
ئەسکەندەر عەبدوڵڵا، کە یەکێکە لە کارمەندە خۆبەخشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکە گوتی: "ئەو نەخۆخشانەیە زیاتر لە 160 کارمەندی هەیە، 30 کارمەند بە گرێبەست لەلایەن حکومەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە دانراون، 6 مانگ جارێک گرێبەستەکەیان بۆ نوێ دەکرێتەوە، 130 کارمەندەکەی دیکەش لەلایەن هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بودجەیان بۆ تەرخانکراوە".
ئەسکەندەر عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەو 130 کارمەندە سەرەتا بودجەی شەش مانگیان بۆ تەرخانکرا، لەگەڵ بەردەوامی کۆرۆنا 6 مانگی دیکەیان بۆ نوێکردنەوە، بەڵام ماوەی 3 مانگ و 15 رۆژ دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە".
ئەو کارمەندە خۆبەخشەی نەخۆشخانەی قەڵا، بە دووری دەزانێت پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن یەکێتییەوە پەیوەندی کێشە سیاسییەکانی ئەمدواییەی سلێمانی هەبێت و دەڵێت: "پێشتریش جاری وا هەبووە مووچەکانمان دواکەوتووە، بە تایبەتی لەو 6 مانگەی دوایی کە گرێبەستەکانمان نوێکراوەتەوە، بۆیە بابەتەکە پەیوەندی بەو کێشەیەوە نییە".
دکتۆر سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان، کە وەک لایەنی بەرپرسیار لە بەرنامەکەدا بەشداربوو، رایگەیاند: "لە سەرەتای کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە و بەهۆی دانەمەزراندنەوە، کێشەی نەبوونی کارمەندمان هەبوو بۆ ئەوەی لەو نەخۆشخانەیە بیخەینە سەر کار، نەخۆشخانەکە ساڵی رابردوو لەلایەن خێرخوازانەوە کرایە دیاری بۆ تەندروستیی گەرمیان".
بە گوتەی دکتۆر سیروان محەممەد، لەدوای کردنەوەی نەخۆشخانەکە داوای هاوکاریان لە هاوسەرۆکانی یەکێتی کردووە، لەوکاتەی سەردانی تەندروستیی گەرمیانیان کردووە "بە سوپاسەوە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە هاوکاری بەردەوامیان هەبووە و 130 کارمەند بە ناونیشانی جیاواز لەو نەخۆشخانەیە کاردەکەن، هاوکات 30 کارمەندیش بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت بە گرێبەست دامەزراون".
لەبارەی هۆکاری پێنەدانی مووچەی ئەو کارمەندە خۆبەخشانەی نەخۆشخانەکە، کە ماوەی ماوەی زیاتر لە 3 مانگە مووچەکانیان وەرنەگرتووە، بەڕێوەبەری گشتییی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت: "بەشێکیان ئەوانەی گرێبەستی حکومەتن، گرێبەستەکانیان تەواو بووە. بە سوپاسەوە بۆ جەنابی وەزیر نووسراوەکە بەرزکراوەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران چاوەڕێی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیانین، چاوەڕێ دەکرێت ئەو ژمارەیە زیادیش بکرێت. ئەوانەی لەسەر ئیدارەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن، بەرپرسانی سیاسی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مووچەکانیان بەردەوامبێت، پێموابێت مانگێکی دیکەیان بۆ دابینکراوە، واتە بۆ مانگی 8 مووچەیەکی دیکەیان بۆ دەنێرێت، کە رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی هەشت مووچەکەیان وەربگرن".
بە بڕوای دکتۆر سیروان محەممەد: "بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەنێو یەکێتیدا هەیە، پێدەچێت رێکخستنەوەیەک هەبێت لەنێو کارەکانیاندا، ئەو سێ مانگەشیان بۆ خەرج بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ