ئاوی دەوروبەری هەولێر: 20 بیری ئاو مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە

28-05-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر رایدەگەیێنێت، زۆرترین دابەزین لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری قەزای قوشتەپەیە و ئەم ساڵ 20 بیر مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە. دەشڵیت، "لە مانگی رابردوودا پەمپی 20 بیر بەهۆی هەورە برووسکەوە سووتاون."
 
رێزان سەعدی، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، لە یەک مانگی رابردوودا بەهۆی هەورە برووسکە، پەمپ (ماتۆڕ)ی نزیکەی 20 بیر سووتاون.
 
گوتیشی، لە کاتی رووداوی سووتانی پەمپی هەر بیرێک، "هەوڵدەدەین بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر بکەین و پەمپەکەیان بۆ بگۆڕین."
 
لەبارەی هەڵکەندنی بیری نوێ، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر گوتی، رەزامەندی دراوە لەسەر هەڵکەندنی چوار بیری ئیرتیوازی بە گوژمەی 650 ملیۆن دینار لە ناوەندی قەزای قوشتەپە.
 
لەبارەی دۆخی ئاوی ژێر زەوی لە سنووری دەوروبەری هەولێر، رێزان سەعدی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین رێژەی دابەزینی ئاو لە پارێزگای هەولێر، لە سنووری قەزای قوشتەپەیە و زۆرترین کاریگەریی وشکەساڵیی لەسەرە.
 
گوتیشی، "مەزەندە دەکەین ئەم ساڵ 20 بیر لە سنووری دەوروبەری هەولێر وشك بکەن؛ زۆرینەیان لە سنووری قوشتەپەیە و پاشان قەزای شەمامک، خەبات، کەورگۆسک، گوێر، دیبەگە، بێستانە و دێگەڵە. داوای هەڵکەندنی بیری نوێمان کردووە و چاوەڕوانی رەزامەندین."
 
لەبارەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ کارپێکردنی بیرەکان، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، دابینکردنی کارەبای بەردەوام لەلایەن فەرمانگەی کارەباوە دەکرێت، "ئێمە نووسراویان بۆ دەکەین، ئەگەر فیدەری کارەبا هەبێت ئەوا کارەبای بەردەوامی بۆ دابین دەکرێت، لەنێو قەزا و ناحیەکانیش کە کێشەی کارەبایان هەیە و لۆدی زۆریان لەسەرە؛ هەوڵمان داوە بۆ دابینکردنی موەلید بۆیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە