رووداو دیجیتاڵ
پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، پشکی پارتی بوو، شەش ساڵە بە تورکمانی شیعە دراوە، کە گۆڕانکاریی لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆکە کردووە و زۆرترین پۆستی لە کورد وەرگرتووەتەوە و رێگریی لە چالاکی هەموو رێکخراوەکانی قوتابیان و خوێندکارانی کورد دەکات.
بڕیارە گۆڕانکاری لەو پۆستەدا بکرێت و ناوی برایەکی محەممەد تەمیم، سەرکردە لە هاوپەیمانیی تەقەدووم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە خراوەتەڕوو.
محەممەد هۆشیار، نوێنەری یەکێتیی قوتابیان دەڵێت "ماوەی شەش ساڵە زۆربەی پۆستەکان لە کورد وەرگیراونەتەوە، دیارترینیان پۆستی سەرۆکی زانکۆی کەرکووکە کە لەماوەی شەش ساڵدا لەنێوان عەرەب و تورکمان ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت، بەداخەوە ئەمەش وایکردووە کاری رێکخراوە کوردییەکان بەرتەسک بێتەوە، داواکاریمان ئەوەیە؛ پۆستەکان دابەشبکرێنەوە و دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە."
پۆستەکانی؛ بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، قایمقامی دوبز، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەکان و 102 پۆستی دیکە بەپێی دەستکەوتی هەڵبژاردن، پشکی پارتی بوون.
پارتی کە نزیکەی دوو مانگە گەڕاوەتەوە کەرکووک، داوا دەکات بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و لە چوارچێوەی بڕیاری ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، ئەو پۆستانەی پێبدرێتەوە.
کاوە ئەحمەد کارگێڕی لقی سێی پارتی دەڵێت "ئەوەی لە کەرکووک پەیڕەو دەکرێت، سیاسەتی دەوڵەتی نێو دەوڵەتی عێراق بەڕێوەی دەبات. ئەو پۆستانەی ئێمە تەنیا ئامرازێکن بۆ خزمەتکردن و بە پێویست دەزانرێن بۆ گەڕاندنەوەی شەرعیەت و ئارامی بۆ کەرکووک و گەڕانەوە بۆ دەستوور و جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی پڕۆژەکەی سوودانی."
لە کۆی چوار قایمقامی کەرکووک، هیچیان کورد نین، لە کۆی شەش پۆستی بەڕێوەبەرایەتی، یەک پۆستیان لە لای کوردە، پارتی لە کەرکووک هیچ پۆستێکی نییە و یەکێتی 76 پۆستی هەیە، کە زۆربەیان پۆستی بەرپرسی بەش و بەرپرسی هۆبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ