950 پارچە زەوی لە گەڕەکێکی هەولێر رێگەپێدانیان بۆ کراوەتەوە

28-03-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی 3ی هەولێر رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 255 تۆن قیریان لە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقامە نێوخۆییەکاندا بەکارهێناوە. دەشڵێت، "ئەم ساڵ رێگەپێدان بۆ نزیکەی 950 پارچە زەویی دەستپێدەکات لە کەرتی دوو هەزاری گەڕەکی ئاودل پرێست".
 
محەممەد یوسف، بەڕێوەبەری شارەوانیی 3ی هەولێر میوانی بەرنامەی مژار بوو کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشیدەکات، رایگەیاند، سەرەڕایی ئەوەی قەیرانی دارایی گرفتی بۆ زۆرینەی پرۆژەکانی حکومەت دروست کردووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 255 تۆن قیریان لە چاککردنەوەی شەقام و رێگەی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی سێ بەکارهێنراوە.
 
گوتیشی، ساڵی رابردوو حەوت پرۆژەمان بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینار جێبەجێکردووە کە زۆرینەی پرۆژەکان دروستکردنی شەقام، کاری پڕکردنەوە و قیرتاوکردن بوون، زۆرینەی پرۆژەکانیش لەو گەڕەکانە بوون کە خزمەتگوزارییان نییە، وەکو گەڕەکی هەولێری نوێ، کەرتی 250ی و کەرتی هەزاری، هەروەها لە کەرتی نۆ هەزار و 10 هەزاری و ئاودل پرێست، دروستکردنی شەقامەکانمان ئەنجامداوە، لەگەڵ قیرتاوکردنی شەقامێکی ناوچەی پیشەسازی باکوور بە درێژی 700 مەتر.
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی 3ی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، "ساڵی رابردوو زیاتر لە 900 پارچە زەوی لە کەرتی سێ هەزاری لە گەڕەکی ئاودل پرێست رێگەپێدانیان بۆ کرایەوە و زیاتر لە 80 داواکاری پێشکێشکراون، ئەم ساڵیش رێگەپێدان بۆ کەرتی دوو هەزاری ئاودل پرێست کراوەتەوە کە نزیکەی 950 پارچە زەوییە و هاونیشتمانیان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکشبکەن".
 
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کردووە و دەڵێن شەقامێکی ناوخۆیی هەیە لە سنووری شارەوانیی سێ، دەکەوێتە تەنیشت تێرمیناڵی هەولێر، زۆر خراپە و داواکارن پرۆژەکە تەواو بکرێت.
 
محەممەد یوسف دەڵیت، "ئەو شەقامە دوو ساڵە دەرخستەکەی پێشکێشدەکەین بۆ تەرخانکردنی بوودجە بۆی کە پێویستی بە 470 ملیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە تا ئێستا نەتوانراوە پارەی بۆ تەرخانبکرێت، بەڵام ئەو چاڵ و چۆڵیەی لە شەقامەکەدا هەیە ئێمە کاری چاککاری تێدا دەکەین".
 
لەبارەی پرۆژەکانیان بۆ ئەم ساڵ، بەڕێوەبەری شارەوانیی 3ی هەولێر دەڵێت، بۆ ساڵی 2024، نزیکەی 17 دەرخستەمان بە گوژمەی 24 ملیار دینار ئامادەکردووە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر، بەڵام پارێزگای هەولێر بڕی 10 ملیار و 143 ملیۆن دینارمان بۆ پەسەندکراوە.
 
لەبارەی بوودجەی داهاتی 15٪ی شارەوانییەکان، گوتی، "لەسەر بودجەی 15٪ی داهاتی شارەوانی، دوو جۆر دەرخستەمان هەیە؛ 15٪ی داهاتی شارەوانیی سێ، 11 دەرخستەمان بە گوژمەی 203 ملیۆن ئامادەکردووە. هەروەها 15٪ی داهاتی سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، 14 دەرخستەمان بە گوژمەی 3 ملیار و 600 ملیۆن دینار ئامادەکردووە، چاوەڕوانی رەزامەندین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.