پارێزگای هەولێر لەبارەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە: 166 دووکان سووتاون

28-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئاگرەکەی شەوی رابردووی بازاڕی لەنگەوە، 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچوو.
 
پارێزگای هەولێر ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە بە "ئاگرێکی ئێجگار گەورە" ناودەبات و دەڵێت، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبوو، چونکە  بەرزیی ئاگرەکە سێ مەتر بوو، دوای هەوڵی زۆری تیمەکانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
 
بەشێک لەو کەسانەی بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچوو، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە لە شوێنی رووداوەکە چارەسەرکران و 24 کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە، چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە. ئەمە وەکو پارێزگای هەولێر باسی دەکات.
 
ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، 27-02-2024، نزیک کاژێر 07:15ـی کەوتەوە. پارێزگای هەولێر "کاسبکاران و هاووڵاتییان" دڵنیا دەکاتەوە کە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.
 
پارێزگای هەولێر دەڵێت، ئەمڕۆ دوای خەمڵاندنی زیانەکان، بازاڕی لەنگە پاککرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە