هەپەگە و سوپای تورکیا ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە

27-09-2022
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو - هەولێر

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لە ناوچەی زاپ و ئاڤاشین هەشت سەربازی تورکیا کوژراون. سوپای تورکیاش گیانلەدەستدانی شەش گەریلای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئەیلوولی 2022 بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە 24 کاژێری رابردوودا لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە کە لەو دوو ناوچەیە هەوڵی پێشڕەویکردنیان دەدا و لە ئەنجامدا هەشت سەربازی سوپای تورکیا کوژران و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون. 
 
هەر ئەمڕۆ هەپەگە لە راگەیێندراوێکی دیکەیدا ناسنامەی پێنج گەریلای ئاشکرا کرد و دەڵێت، لە رۆژانی کۆتایی مانگی حوزەیراندا لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستدابوو. 
 
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی شەش گەریلای لە ناوچەی زاپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، گەریلاکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە لایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 391 گەریلا و کوژرانی 61 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 63 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 116 گەریلای راگەیاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە