کوردستان
دیمەنی باڵەخانەیەکی رووخاو بەهۆی بوومەلەرزەی شەشی شوبات لە مەڕەشی باکووری کوردستان، وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەلەتی باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر روویدا.
بەگوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کاژێر 12:04 خولەکی ئەمڕۆ (دووشەممە 27ـی شوباتی 2023)، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی یەشیلیورت سەر بە پارێزگای مەلەتی لە قووڵایی 6.96 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بوومەلەرزەکەی مەلەتی لە پارێزگاکانی مەرەش و سەمسووری باکووری کوردستان هەستیپێکراوە.
بەهۆی بوومەلەرزەکە، ژمارەیەک لەو باڵەخانانە رووخان کە پێشتر لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات زیانیان بەرکەوتبوو.
دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەرەش لە شەشی شوباتدا کە لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 44 هەزار کەس، پاشلەرزەکان بەردەوامن.
تائێستا زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون کە گەورەترینیان بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تۆمارکرا.
بوومەلەرزەکان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 6 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ