رووداو-بەغدا
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 22-12-2018-ی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دیاریکرد.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی ، سەرۆکوەزیرانی عێراق ، بە دەنگدان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی دیاریکرد کە لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بووە و لە رۆژی 22-12-2018 بەڕێوەدەچێت.
رۆژانی سێشەممەی هەموو هەفتەیەک، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، بەپێی بەرنامەی کار تاووتوێی پرسەکان دەکات، بڕیار و راسپاردە لەبارەیانەوە دەدات. بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەش، عەبادی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامبدات و لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، بڕیار و راسپاردەکان بۆ رۆژنامەڤانان روونبکاتەوە.
دیاریکردنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەکاتێکدایە پێشتر و لە رۆژی 22-1-2018 پەرلەمانی عێراق رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسندکرد و رایگەیاند، رۆژی 12-5-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.
داڕشتنەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ