رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت رۆژی پێنجشەممە، شکستیان بە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانیان لە "بنکەی ئاسمانیی هەولێر" هێناوە، بێ ئەوەی روونیبکاتەوە کە مەبەستی بنکەی ئاسمانیی هەریرە یان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئاگادارین ئەمڕۆ لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر هیرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هێرشێکی شکستخواردوو بوو، زیانی گیانیی نەبوو و تەنیا زیانێکی کەم بە ژێرخانەکە گەیشتووە."
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەر لە رۆژی پێنجشەممە، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە کەناڵی تەلەگرامەکەیەوە رایگەیاندبوو کە هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر."
ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری هیچ هێرشێکی لەو جۆرە نین.
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە، کە پەیوەندییان بە پشتیوانیی ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل هەیە لە شەڕەکەی دژی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە.
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی کە "لە نێوان 17 بۆ 26ی تشرینی یەکەمدا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لانیکەم 12 جار لە عێراق و 4 جار لە سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر."
لە بارەی ئەوەی کە بە دیاریکراوی کام گرووپ بە بەرپرس دەزانن، رایدەر گوتی: "ناتوانم وردەکاریتان پێ بڵێم لەسەر ئەو گرووپانەی کە بەرپرسیارێتیی خۆیان راگەیاندووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئێمە دەزانین ئەم گرووپانە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە."
رایدەر هەروەها گوتی: "من رایناگەیێنم کە ئایا وەڵاممان دەبێت یان نابێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆماندا دەیکەین، ئێمە زۆر بە روونی گوتوومانە کە مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لە هێزەکانمان بکەین، هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەگرینەبەر. سەبارەت بەو گرووپانەش، ئێمە دەزانین کە میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانن و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و بێگومان ئێمە ئێران بە بەرپرس لەم گرووپانە دەزانین."
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە 900 سەربازیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکردووە یان لە پڕۆسەی جێگیربووندان.
وێڕای ئەوەی کە روونینەکردەوە لە کوێ جێگیردەکرێن، رایدەر گوتی ئەو سەربازانە نانێردرێنە ئیسرائیل، بەڵکو ئامانجیان "تەنیا بۆ بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوە و تواناکانی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکایە" لە ناوچەکە.
ئەو هێزە ئەمریکییانە سیستمی بەرگریی THAAD، سیستمی پاتریۆت و سیستمی بەرگریی ئەڤێنجەریان لەگەڵ جێگیردەکرێن.
ئەمریکا 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و دوو هەزار و 500ی دیکەشی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
بە گوتەی پێنتاگۆن هێرشەکانی رابردوو بۆ سەر هێزەکانیان بوونەتە هۆی برینداربوونی لانیکەم 24 سەربازی ئەمریکی "بە سووکی"، ئەوە لە پاڵ گیانلەدەستدانی بەڵێندەرێکی سڤیلی ئەمریکی بە جەڵتەی دڵ لە 18ی تشرینی یەکەم لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری عێراقی، دوای ئەوەی کە بەهۆی زەنگی هۆشداریی هەبوونی هێرش، رایکردبوو بۆ پەناگەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ