رووداو دیجیتاڵ
سەرژمێریی مانگی 11ی ئەم ساڵ لە عێراق، تەنیا سەرژمێری دانیشتووان نابێت، بەڵکو بەڵگەیەک دەبێت لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە عێراق کە کێ تێیدا باڵا دەست دەبێت و کێش مافخوراو دەبێت. ئەمە تەنیا بە وەرگرتن و بڕیاری خەڵک دەبێ لە چوارچێوەی فۆڕمێک کە هێشتا دەستی پێنەکراوە، کەوتووەتە ژێر پرسیارێک کە پێکهاتەکان لەم وڵاتە لە داهاتووی خۆیان دەترسن.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان کە راسپێردراوی فەرمی دەوڵەتە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەموو وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە باس دەکات، هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان لە بەشداری نەکردنیان.
عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت، ئەوە تەواو بووە و بابەتەکە یەکلاکراوەتەوە: ناچارین سەرژمیریی گشتی ئەنجام بدەین، عێراق ئەوە 30 ساڵە سەرژمێری بە خۆیەوە نەبینیوە و وێنەکە دیار نییە، بۆیە ناچارین سەرژمیری بکەین تەنانەت ئەگەر بەس لە 15 پارێزگای عێراقیش بێت.
هاوکات، د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان سەرژمێرییەکە بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە (کورد) مێژوویەکی کارەساتباری هەیە لەگەڵ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق. بە ئاسانی خۆمان لە سەرژمێرییەک نادەین کە ئەوسەری پرۆژەکەمان لێ دیار نەبێت و گەرەنتی وەرنەگرین، تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەو سەرژمێرییە سیاسی نییە."
د. دارا رەشید دەشڵێت: بڕیاری کۆتایی ئەوەیە، سەرژمێرییەک ناکەین ئەگەر بزانین مەترسییەک لەسەر داهاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان هەبێت."
دەقی بەرنامەی هێشتا ماویەتی:
لە چوار ریانێکی گەورەدام، ئێرە بەغدایە، دروستتر بڵێم، مەدینەی سەدرە، شارێکە لەنێو شاردا. لێرە نیزامی رێکخستن و رێگەدان بە یەکدی بەدیناکرێت، بەغدای قەرەباڵخ، پڕ لە خەڵک و جەنجاڵیی سیاسی.
ئەم خەڵکە هەموو چاوەڕێن، مانگی 11ی ئەم ساڵ سەرژمێری گشتی بکرێت، بەڵام ترسێکی جیدیش هەیە، لە پشت سەرژمێریدا ئامانجی سیاسی و گۆڕینی دیموگرافیا هەبێ، رەنگە ئەم سەرژمێرییە دەرگای زۆر کێشەی تازە بە رووی عێراقدا بکاتەوە.
بە نێو کۆڵانەکانی مەدینەی سەدردا گەڕام، خەڵکم بینی، هەندێکیان دەڵین، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە چوار ملیۆن کەس دەبن، هەیە دەڵێ نا چوار کەمە، شەش ملیۆنیین، هی واش هەیە حەز دەکات زۆرتر بن، دەڵێ نەوەڵڵا، 15 ملیۆنیش دەبین. ئەم ژمارانەی بە گۆترە دەگوترێن، نیشانەی بێ ئاگایی خەڵکی عێراق و مەدینەی سەدرە لە ژمارەی دروستی خۆیان.
27 ساڵە ئەم خەڵک هەر زیاد دەکەن، لێیان دەمرن و کەم دەکەن، بەڵام کەس نەبووە بیانژمێرێت.
لای ئەم دوکاندارە وەستاین، هەر کە چوومە ژوورێ، دەمویست بزانم چی لە ژمارەی دانیشتوانی سەدر دەزانن.
هیڤیدار ئەحمەد: مەدینەی سەدر، دەڵێن چەندە؟
کەسێک: 15 ملیۆن!
دانیشتووی مەدینە سەدر: لە کۆنەوە چوار ملیۆن و نیو بوو.
هیڤیدار ئەحمەد: کە دەڵێ کۆن، مەبەستت کەیە؟
دانیشتووەی مەدینە سەدر: لەسەر دەمی رژێمی پێشوو.
هیڤیدار ئەحمەد: پێش 2003؟ چوار ملیۆن و نیو بوو؟ ئەی ئێستا؟
دانیشتووەی مەدینە سەدر: ئێستا زیاد بووە.
کەسێک: گەیشتووە 10 ملیۆن.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەو گوتی 15 ملیۆن، پێنجی دابەزاند.
کەسێک: برا زۆرن زۆر.
هیڤیدار ئەحمەد: لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانن یان کەمبوونەوە؟
دانیشتووەی مەدینە سەدر: پێمان باشە کەم ببێت.
هیڤیدار: کەم ببێت؟
ئەمین جەبار، دانیشتووی مەدینە سەدر: چەند کەم ببێت باشترە.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند کەم ببێت باشترە؟
ئەمین جەبار، دانیشتووی مەدینە سەدر: بێگومان.
هیڤیدار ئەحمەد: بۆچی؟
ئەمین جەبار، دانیشتووی مەدینە سەدر: من پێت دەڵێم بۆچی. خەڵک بە خۆشی بژیت باشترە، ناوچەی دانیشتووان باشتر دەبێت، لە داهاتوویەکی نزیک دا، پلەی وەزیفی باشتر دەبێت، ئەگەر ژمارەی دانیشتووان زیاد بێت و دۆخی وڵات وەک ئەوەی ئێستا هەیە، ئەو کات نە پلەی وەزیفی و نە کار دەبێت و بگرە بێکاری زیاتر دەبێت. وایە یان نا؟
دەچمە لای جەبر کەباش، حەفتا ساڵ تەمەنی تێپەڕاندوە، ئەم ژنە بایعە، قایمەیەکی پێیە ناوی هەموو ئەو خێزانە تێدا نووسراوە کە بایعیان دەداتێ، خویندەواری نییە، زوو زوو بە منی دەگوت ئەو ناوەم بۆ بخوێنەوە بزانە چەند کەسن.
جەبر کەباشی: خێزان لای من هەیە 31 کەسن؟
هیڤیدار ئەحمەد: یەک خێزان 31 کەسن!
جەبر کەباشی: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: لە کوێن؟
جەبر کەباشی: خانووەکە نێزیکە لێرە.... وەرە.
هیڤیدار ئەحمەد: وەرە.
جەبر کەباشی: بمبە بو لای ماڵی خۆتان.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە خانووە لە کوێیە؟
جەبر کەباشی: ئەوە لە تەنیشت ئێمەیە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوەی31 کەس لە ماڵێکدا، خانووەکەی پێ دەزانی؟
منداڵ: خانووی ئێمەیە...
هیڤیدار ئەحمەد: حەجییە زۆر سوپاس.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە چەند کەسن لە ماڵەوە؟
منداڵ: نەمان ژماردوون.
مەراقم بوو ئەو ماڵە ببینم، لەگەڵ ئەم منداڵانە دەچینە ئەو ماڵە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوە خانووەکەی ئێوەیە؟
منداڵ: بەڵێ ئەوە ماڵەکەمانە
مێرمنداڵ: مەچوو ژوورێ، ژن لە ماڵێ هەیە!
مێرمنداڵ: لە چ هۆزێکی؟
هیڤیدار ئەحمەد: ئێمە لەهۆز نین، کەناڵی رووداوین، لە هەولێرەوە هاتووین، هیچت لەسەر هەولێر بیستووە؟
مێرمنداڵ: هەولێێێێێیررررر، واووو
هیڤیدار ئەحمەد: بۆچی واو؟
مێرمنداڵ: وڵاتێکی خاوێن و رۆشنبیرن.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەوها لەسەر هەولێرت بیستووە؟
مێرمنداڵ: بەڵێ (یێس) بەس مەدینە سەدر لە هەولێر باشترە؟
هەندێک چاوەرێم کرد و خاوەن ماڵەکە هاتە پێش.
هیڤیدار ئەحمەد: سڵاوت لێ بێ، ئێوە باشن.
بەشار محێ: سوپاس، ئێوە باشن؟
هیڤیدار ئەحمەد: لای حەجیا بووم، لێم پرسی کێ زۆرترین ئەندامی خێزانی هەن، گوتی ئەم خانووە 31 کەسی تێدادا دەژین.
بەشار محێ: راستە.
هیڤیدار ئەحمەد: 31 کەس!
بەشار محێ: بەڵێ
هیڤیدار ئەحمەد: لەم خانووە!
بەشار محێ: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: 72 مەتر.
بەشار محێ: بەڵێ، بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: سەرژمێری گشتی دەکرێت لە مانگی 11، ئێوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانن یان کەمبوونەوە؟
بەشار محێ: ئێمە لەگەڵ ئەوەین هێشتا خەڵک زۆر لەمەش زیاتر بن، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان خۆش نییە، بەڵام چی بکەین ئێمەی عێراق راهاتووین کە دەبێ منداڵ زیاد بکەین.
نەک تەنیا بەشار، سەدان ماڵی دیکە بە 20 و 30 کەسەوە لە خانووی بچووکی مەدینە سەدر دەژین، رەشگ رەحیم دراوسێیەتی، لە خانوویكی بچووک هەر بە زۆری جێیان بووەتەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: سڵاوت لێ بێت. ئەمە کوڕی تۆیە؟
رشگ رەحیم: بەڵێ کەرەمکەن بەڵێ ئەمە کوڕی منە.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند کوڕت هەیە.
رشگ رەحیم: من سێ کوڕم هەن.
هییڤیدار: خێزاندارن؟
رشگ رەحیم: بەڵێ هەرسێکیان
هیڤیدار ئەحمەد: هەموو پێکەو لەو خانووەداین؟
رشگ رەحیم: هەمووی لێرەدا دەژین.
هیڤیدار ئەحمەد: خانووەکەت، چەند مەترە؟
رشگ رەحیم: نهۆمێک و نیوە، 126 مەترە.
هیڤیدار ئەحمەد: بەشتان دەکات.
رشگ رەحیم: وەڵڵا بە زۆری.
هیڤیدار ئەحمەد: دەتوانین سەیری ماڵەکەت بکەین؟
رشگ رەحیم: ئەرێ وەڵڵا فەرموو، فەرموو.
سەلام رەشگ: ئەمە ژوورێکە و ئەوی دیکەش ژوورێکی دیکەیە و لە سەرەوەش دوو ژووری لێیە.
هیڤیدار ئەحمەد: ژووری تۆ لە کوێیە؟
سەلام رەشگ: سەرەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: دەتوانین سەیری ژووری تۆ بکەین؟
سەلام رەشگ: بەڵێ.. ئەمە ژووری براکەمە ئێستا لە دەرەوەن، ئەویش خێزاندارە، ئەمەش ژووری منە.
هییڤیدار: تۆ و خێزانت و منداڵەکانت لەم ژوورە دەژین؟
سەلام رەشگ: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند منداڵت هەیە؟
سەلام رەشگ: چوار منداڵم هەیە
هیڤیدار ئەحمەد: هەمووتان لێرە لەم ژوورە دەژین؟
سەلام رەشگ: بەڵێ.
هیڤیدار ئەحمەد: چەند ساڵە ژیانی هاوسەرگیریت پێکهێناوە؟
سەلام رەشگ: لە ساڵی 2010ـەوە ژیانی هاوسەرگیرم پێکهێناوە.
هیڤیدار ئەحمەد: لە 2010یەوە لەگەڵ منداڵەکانت هەر لەم ژوورەدان؟
سەلام رەشگ: ئەرێ وەڵڵا
هیڤیدار ئەحمەد: ئەمە کوڕی تۆیە؟
سەلام رەشگ: ئەمە سەیفە.
هیڤیدار ئەحمەد: سەیف وەرە.
سەلام رەشگ: ئەمەش حەموودیە.
هیڤیدار ئەحمەد: حەموودی.
سەلام رەشگ: وەرە کوڕم وەرە، ئەمە سەیفە، ئەمەش کیان، حەموودی، رەیان و روسلیشم هەمە، واتە پێنجم هەن.
کە لە بەغدا دەگەڕێی، بە هەر لایەکدا دەڕوانی هەر خەڵک دەبینی، دانیشتووانی بەغدا ماندوو دیارن، لە بەیانییەوە راکە راکەیانە بۆ پەیداکردنی نان.
مەبەستم بوو پلانی حکومەتی عێراق بزانین سەبارەت بە سەرژمێری گشتی، چوینە وەزارەتی پلاندانان کە لایەنی مەعنی پرۆسەکەن، لێرە زانیم وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کێشەیەکی قووڵدان، بەغدا دەڵێ داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێن، هەرێمی کوردستان قەبووڵی بکات یان نا، سەرژمێری هەر دەکرێت.
چوومە لای عەبدولزەهرە هینداوی، راسپێردراوی فەرمی دەوڵەتە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، هەموو وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیە باس دەکات، هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان لە بەشداری نەکردنیان.
عەبدولزەهرە هینداوی: ئەوە تەواو بووە و بابەتەکە یەکلاکراوەتەوە، وەزیری پلاندانان گوتی، ناچارین سەرژمیریی گشتی ئەنجام بدەین، عێراق ئەوە 30 ساڵە سەرژمێری بە خۆیەوە نەبینیوە و وێنەکە دیار نییە، بۆیە ناچارین سەرژمیری بکەین تەنانەت ئەگەر بەس لە 15 پارێزگای عێراقیش بێت.
هیڤیدار ئەحمەد: هەرێمی کوردستان چ لەدەست دەدات، ئەگەر بەشدار نەبوو؟
عەبدولزەهرە هینداوی: وێنەکە روون نابێت و مافەکانی لە پەرلەمان و بەشی دارایی لە بودجەی گشتی وەک خۆی دەمینێت. لەم روویەوە زەرەرمەند دەبن.
هەر لەوێ بووم، زانیاریم هەبوو، کە عێراق پرسیارێکی گرنگی لە فۆرمی سەرژمێریدا رەشکردووتەوە، ئەویش پرسیاری ناسنامەی نەتەوەیە. عەبدولزەهرەش گوتی باشترە لابدرێت.
هیڤیدار ئەحمەد: سەرژمیری گشتی بەبێ پرسیاری نەتەوە، سەرژمیرییەکی تەواوە؟
عەبدولزەهرە هینداوی: نەتەوە یەکگرتووەکان هەندێ پێوەریان داناوە بو سەرژمیری گشتی، دەڵێن هەر پرسیارێک ناکۆکی لەسەر بوو، هەروەها ببێتە هوکاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەکە، یان تەگەرە دروست بکات، باشترە ئەو پرسیارە لابدرێت. ئێمە لەم سەرژمیرییە دەمانەوێت نەخشەیەکی نوێ بو دۆخی دانیشتوانی عێراق دابنین.
دەبێ بچینە هەولێر، لەوێ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی سەرژمێری.
لەرێگای گەڕانەوە بو هەولێر بە کەرکووکدا تێپەڕین، چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، پرسیارێکی گرنگە، داخۆ چارەنووسی ئەو ناوچانە چی بەسەر دێت.
گەیشتنە هەولێر، بە شۆفێرەکەم گوت راست دەچینە وەزارەتی پلاندانان لە شەقامی 60 مەتری، دەمەوێ لەگەڵ د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانان گفتوگۆ بکەم تاوەکو بزانم وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە لەسەر پرۆسەی سەرژمێری.
هەر کە گفتوگۆیەکەمان دەستپێکرد، زانیم کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر سەرژمێری زۆر لەوە قووڵترە کە من تێگەیشتبووم.
د. دارا رەشید: ئێمە (کورد) مێژوویەکی کارەساتباری هەیە لەگەڵ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق. بە ئاسانی خۆمان لە سەرژمێرییەک نادەین کە ئەوسەری پرۆژەکەمان لێ دیار نەبێت و گەرەنتی وەرنەگرین، تەنانەت ناتوانم بڵێم ئەو سەرژمێرییە سیاسی نییە.
ئەم سەرژمێرییە خەتەرە خەتەر، ئەمە قسەی دکتور دارا رەشیدە. ترسی ئەوە هەیە لە رێگەی ئەم سەرژمێرییەوە هەیمەنەی پێکهاتەکانی دیکە لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکە زیاتر بکەن.
هیڤیدار ئەحمەد: بڕیاری کۆتای ئێوە چییە، بەشدار دەبن یان نا؟
د. دارا رەشید: بڕیاری کۆتایی ئەوەیە، سەرژمێرییەک ناکەین ئەگەر بزانین مەترسییەک لەسەر داهاتووی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان هەبێت.
هیڤیدار ئەحمەد: مەترسییە؟
د. دارا رەشید: ئەگەر بەوەی ئێستا هەیە و لەسەر ئەو رێککەوتنانەی کراوە لەسەر کەرکووک بەڵێ خەتەرە. حکومەتی فیدڕالی پێشنیازی کرد لەسەر ناوچە کوردستانییەکان گەرەنتی بدەنە ئێمە کە جگە لە ژماردنی ئەلیکترۆنی، دوو نووسخەی وەرەقیش هەبێت، یەکێک بێتە هەرێمی کوردستان و یەکێکیش بچیتە بەغدا، ئەمە پێشنیازی خۆیان بووە ودواتر پەشیمان بوونەوە.
هیڤیدار ئەحمەد: لە بەغدا بەمنیان گوت، ئەوە ئەبەدەن نابێت؟
د. دارا رەشید: ئەگەر ئەبەدەن نەبیت، ئەبەدەن سەرژمێریش ناکرێت.
مەترسییە جیدییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان لە بەغدا باس دەکەین و دەیکەینە پرسیار. بەڵام وەڵامی حکومەتی عێراق ئەبەدەن بە ویستی هەرێمی کوردستان نییە.
هیڤیدار ئەحمەد: بە منت گوت، کەرکووک و موسڵ و ناوچە کێشە لەسەرەکان، شوێنی پێکەوە ژیانن، دەبێ سەرژمیری لەسەر کاخەز و تابی ئەلیکترونی بێت.
عەبدولزەهرە هینداوی: بابەتی سەرژمێری لەسەر کاخەزمان تێپەڕاندووە و ناتوانین بگەرێینەوە سەر بابەتی کاخەز.
هەست دەکەم، سەرژمێری لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆمبێکی چێنراوە، رەنگە بتەقێتەوە.
هەر لە بەغدا ماینەوە، سەرژمێری بەرچاوڕوونی دەداتە دەوڵەت، لەسەر ژمارەی دانیشتووان، لەسەرەتای بەرنامە باسی ژمارە زۆرەکانی دانیشتووانی مەدینەی سەدر و عێراقمان کرد.
عێراقییەکان هەر خەریکی منداڵ خستنەوەن.
دەمەوێ زانیاری فەرمی بەدەست بهێنین، ساڵانە لە عێراق چەند منداڵ لەدایک دەبن. دەبێ بچینە وەزارەتی تەندروستی، بەشی لەدایکبوونی تەندروست.
دکتورە رەغد عەبدولڕەزا، بەرپرسی ئەو بەشەیە، سیاسەتی حکومەتی عێراق لەسەر ژمارەی دانیشتووان رووندەکاتەوە. داتای شۆکهێنەر لەسەر رێگەگرتن لەمنداڵ بوون لە سلێمانی باس دەکات کە لە هەموو عێراق وێنەی نییە.
دکتورە رەغد عەبدولڕەزا، بەرپرسی بەشی منداڵ و رکخستنەوەی خێزان لە وەزارەتی تەندرۆستی عێراق.
هیڤیدار ئەحمەد: هەموو ساڵێ چەند منداڵ لە عێراق لە دایک دەبن؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: وەک رێژە باسی بکەم، ساڵانە ژمارەی لە دایکبووان ملیۆنێک و 100 هەزار کەسە، ئەمە وەک رێژە باسی دەکەم.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەمە ئێستا جێگیر بووە؟
د.رەغد عەبدولڕەزا: دەتوانم بڵێم لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو وەک رێژە وەها بووە.
هیڤیدار ئەحمەد: جیاوازی چییە لە نێوان هەرێمی کوردستان وناوچەکانی دیکەی عێراق لەسەر بابەتی لە دایکبوون؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: لە هەرێمی کوردستان گرتنە بەری رێکاری منداڵ نەبوون و رێکخستنەوەی خێزان زیاترە ئەگەر بەراورد بکەین لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. لە پارێزگای سلێمانی زیاترین رێکارەکان دەگرنە بەر.
هیڤیدار ئەحمەد: ئەو رێکارانە چین بو رێکخستنەوەی خێزان؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: حەب و کۆندۆم و دەرزی لێدان و حەبەکان بە هەردوو جۆرەکانی و لەولەب.
هیڤیدار ئەحمەد: بێ بەرامبەر پێشکەش دەکەن؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: بێ بەرامبەرە.
هیڤیدار ئەحمەد: ئێوە زیاتر لە چ ناوچەیەک ئەم دەرمانە دابەش دەکەن؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: هەموو پارێزگاکان لەپلانی ئێمەدان، چالاکی ئێمە زیاتر لە ناوچە دوورە دەستەکان و گوندەکانن لە رێگەی تیمی پزیشکی گەڕۆک.
هیڤیدار ئەحمەد: لەبەر ئەوەی منداڵ بوون لەو ناوچانە زیاترە؟
د. رەغد عەبدولڕەزا: بەڵێ، لەو ناوجانە منداڵ بوون زیاترن وەک لە شارەکان. ئێستا گرتنەبەری رێکارەکان بو رێکخستنەوەی خێزان لە ساڵی 2011 بە رێژەی 65٪ بوو. لە ساڵی 2021 ئەم رێژەیە بو 71٪ زیاد بووە.
لە هەرێمی کوردستان ترسی خەڵک لەسەر ئەوە بوو، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عىراق ساڵانە سەرووی یەک ملیۆن منداڵ لەدایک دەبن، ئێستا ترسێکی دیکە لە رێگەی سەرژمێرییەوە دەرکەوت، کە سڕینەوەی پرسیاری نەتەوەیە لە فورمی سەرژمێریدا.
خالید ئیبراهیم، دانیشتووی هەولێرە "من کوردم، پاشان عێراقیم، ئەوانیش کەیفی خۆیانە".
کاکەمەند جەلال: کوردم و عێراقیشم، ئەرێ وەڵلا.
کاکەشین شەریف: ئەگەر ئیعدامیشم بکەن هەر دەڵێم کوردم، خەتەرە وا بڵێم!
سام جەلال: پێم هەزمناکرێ تەنیا بڵێم من عێراقیم.
فەریدوون حەمەد: فورمی سەرژمێری بێتە لای من دەنووسم کوردستانی عێراقم، من نانووسم تەنیا عێراقیم.
سەرژمێری مانگی 11ی ئەم ساڵ لە عێراق، تەنیا سەرژمێری دانیشتووان نابێت، بەڵکو بەڵگەیەک دەبێت لەسەر دارشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە عێراق کە کێ تێیدا باڵا دەست دەبێت و کێش مافخوراو دەبێت. ئەمە تەنیا بە وەرگرتن و بڕیاری خەڵک دەبێ لە چوار چێوەی فۆڕمێک کە هێشتا دەستی پێنەکراوە، کەوتووەتە ژێر پرسیارێک کە پێکهاتەکان لەم وڵاتە لە داهاتووی خۆیان دەترسن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ