وردەکاریی گیانلەدەستدانی کاردینای 15 ساڵ لە راپەڕین؛ پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانە نەبووە

26-09-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
 وێنەیەکی کاردینا هەڵگورد
وێنەیەکی کاردینا هەڵگورد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردینای تەمەن 15 ساڵان دوانیوەڕۆی رۆژی 17-9 بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی لە قوتابخانە، گەیێندرایە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە، کاتێک گەیشتووەتە بەشی فریاکەوتنی خێرا، وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، "بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی ئێشکگر و لەسەرکار نەبوونی،" بەڕێیان کردووە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر، بەڵام لە رێگەدا گیانی لەدەستدا.
 
هەڵگورد محەممەد، باوکی قوربانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "با کەسێکی دیکە وەک من جگەر سووتاو نەبێت، کچەکەی من قەدەری وابوو رۆی، بەڵام ئەگەر ئەو دکتۆرە لەدەوام با و هاتبایە لای، دڵم ئۆقرەی دەگرت."
 
کاردینا نۆبەری ماڵ و قوتابیی پۆلی 10ـی ئامادەیی بوو. مامی دەڵێت، سکاڵایان لەسەر ئەو پزیشکە تۆمارکردووە کە رۆژی رووداوەکە ئێشکگر بووە و دەوامەکەی جێهێشتووە.
 
کاروان محەممەد، مامی قوتابییەکەیە، لەبارەی رووداوەکە دەڵێت: کاتێک برازاکەیان گەیاندووەتە بەشی فریاکەوتن، پزیشکی ئێشکگر لەوێ نەبووە. دەپرسێت، "دکتۆر بە چ ماف و یاسایەک وەزیفەکەی بەجێ دێڵێت و دەچێتە نۆڕینگەی خۆی؟ کێ فریای نەخۆش دەکەوێت لە بەشی فریاکەوتن کە وەک بەرەی پێشی جەنگ وایە؟"
 
کارزان تەها پارێزەری پزیشکەکەیە، بە رووداوی راگەیاند، "ئەو رۆژە دکتۆر لە خشتەی ئێشکگریی فریاکەوتن ناوی نەنووسراوە، بەڵام وەک کارێکی مرۆڤدۆستی دکتۆر وەڵامی کەیسەکەی داوەتەوە و موقیمەکانی راسپاردووە کاری پێویستی سەرەتایی بۆ بکەن."
 
رووداو پەیوەندی بە تەندروستیی راپەڕینەوە کرد، ئەوان دەڵێن ئێستا قسە لەسەر رووداوەکە ناکەن و کەیسەکە لە دادگایە، چاوەڕێن تاوەکو دادگە بەشێوەیەکی یاسایی هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی کچەکە یەکلایی دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە