رووداو دیجیتاڵ
سکاڵای پەنابەرێکی کورد لە وێڵز میدیاکانی بەریتانیای تەنیوە و حکومەتی وێڵزیش ناچار بە داوای لێبووردن دەکات، دوای ئەوەی رێگری لێدەکرێت بۆ گەیشتن بە شوێنی کارەکەی شەمەندەفەر بەکاربهێنێت، کە بەگوێرەی سیاسەتی پەنابەریی وڵاتەکە، پەنابەران لە 2022دا بۆ شەش مانگ مافیان هەیە بەخۆڕایی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەکاربێنن، لەنێویاندا ئامرازەکانی گواستنەوە.
رامانی تەمەن 32 ساڵ هەرچەند لەلایەن حکومەتی وێڵزەوە رێگەی پێدراوە وەکو پەنابەر بەخۆڕایی شەمەندەفەر بەکاربێنێت، بەڵام لەلایەن کارمەندێکی شەمەندەفەرەکە رێگری لێکراوەو پێیگوتراوە، "ئەم خزمەتگوزارییە بۆ تۆ نییە تەنیا بۆ ئۆکراینییەکانە."
رامان، کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ئابی 2020 بە 45 رۆژ لە یۆنانەوە گەیشتووەتە وێڵز. ئەو گەنجە لە شاری "سوانزی" دەژی و شوێنی کارەکەی لە "باری"یە، هەفتانە وەکو پەنابەر 40.85 پاوەند کە دەکاتە 50 دۆلار، لەلایەن حکومەتی بەریتانیا وەردەگرێت و هاوشێوەی ئۆکراینییەکان هەموو مافێکی پەنابەران دەیگرێتەوە.
سکاڵای گەنجە کوردەکە هەرایەکی گەورەی لەسەر ئاستی وڵاتەکە ناوەتەوە، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و پارێزەرانی هێناوەتە سەرهێڵ.
فەرمانگەی گواستنەوەی وێڵز داوای لێبووردنی کردووە، هاوکات پشتڕاستیشیکردووەتەوە کە گەنجە کوردەکە مافی خۆیەتی ئۆفەری تیکتی خۆڕاییش وەکو هەر پەنابەرێک بیگرێتەوە.
میدیای بەریتانی سکاڵا و گلەییەکانی رامانیان بڵاوکردووەتەوە، کە چۆن بێهیوا بووە لەوەی سەرەڕای ئەوەی هەموو بەڵگەنامەکانی تەواوە، کەچی تیکتی خۆڕایی پێنەدراوە.
رامان دەڵێت، جیاکاری بەرامبەرکراوە و سوکایەتی پێکراوە، دەڵێت، 45 رۆژ بەڕێگاوەیە، خۆشی و ناخۆشی و رێگەی سەختی کۆچكردنی بینیوە لە رێگا لە ترس و دڵڕاوكێی تووشی تراوما بووە بۆ ئەوەی بگاتە وێڵز کە ئەو بە پەناگەی زانیوە بۆ کۆچبەران، کەچی لەوێ دووچاری ئەو جیاکارییە بووەتەوە.
رامان دەڵێت، کە گوتیان ئەمە تەنیا بۆ ئۆکراینییەکانە، گوتم: "داوای لێبووردن دەکەم کە چاوەکانم شین نین و قژم زەرد نییە." دەڵێت، ئەم کارمەندانە هەرگیز نازانن بە چ هەستێک تێپەڕیوم کە ئەو جیاکارییەم بەرامبەر کراوە.
هیلاری بڕاون، پارێزەر و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی وێڵز یاخود هەر حکومەتێک سیاسەتێکی لەمجۆرەی هەبێت، دەبێ روونیبکاتەوە کە ئەو خزمەتگوزاریانە چ کەسێک دەگرێتەوە".
پارێزەرەکە جەختدەکاتەوە کە بەکارهێنانی شەمەندەفەر نابێت بە ئارەزووی کارمەندانی نێو شەمەندەفەر بێت، چونکە ئەگەر بە ئارەزووی ئەوان بێت، لەوانەیە چارەنووسی سەرنشینان بکەوێتە دەست خواست و ویست و بۆچوونی کەسی کارمەندەکان. دەشڵێت، کاتێک بە هەڵە لێکدانەوە بۆ ئەو مافانە دەکرێت، کەسێکی وەکو رامان مافی دەخورێت
حکومەتی وێڵز لە ساڵی 2022دا مافی پەنابەرانی بۆ ماوەی شەش مانگ درێژکردووەتەوە، کە هەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە خۆڕایی دەگرێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەرانی ئۆکراینی روویان لە ئەوروپا کردووە کە 53000یان لە بەریتانیا جێگیرکراون و نزیکەی 3000 کەسیشیان لە وێڵز.
گوتەبێژێک بەناوی فەرمانگەی گواستنەوەی وێڵز دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان بە شانازییەوە پاڵپشتی لە پەنابەران دەکەن، کە دەیانەوێ خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنن.
ئەو گوتەبێژە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، لەلێدوانێکدا بۆ میدیای وێڵز داوای لێبووردن لە رامان دەکات، دەڵێت، هەر حاڵەتێکی گوماناوی دەمارگیری بە جیددی وەردەگرین و لێپرسینەوەش لەگەڵ ئیدارەی وێستگەی شەمەندەفەرەکەی سوانزی دەکەین.
باری کە شوێنی کارکردنی رامانە، دەکەوێتە باشووری کاردیفی پایتەختی وێڵز و بە شەمەندەفەر کاژێرێک و 40 خولەک لە شوێنی مانەوەی گەنجە کوردەکە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ