سەلاحەدین دەمیرتاش لە دادگە چی گوت؟

25-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتنی دۆسیەی (رووداوەکانی کۆبانێ)ی دادگەیی سەڵاحەدین دەمیرتاش، رۆژی دووشەممە 25-12-2023 هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکانی دەم پارتی بەڕێوەچوو.
 
دەمیرتاش لە گوتەی بەرگریدا باسی لەوە کرد، ماوەی حەوت ساڵە یەکەمجارە بەرگری لە خۆی دەکات و ئەوانی دیکە وردەکاریی بووە لەبارەی زیندانی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی.
 
دەمیرتاش  گوتی، "من بۆ ئێوە نا، بەڵکو بۆ خەڵک بەرگری لە خۆم دەکەم. دەستەیەکی دادوەریی بێلایەن لە بەرامبەرم نییە. نازانم بەرگریکردنم لە ماوەی 9 ساڵی دەستبەسەریم کە بۆسەی دانراوەیە بۆ من چەند رۆژ دەخایەنێت. تا ئەو کاتەی دادگە قسەم نابڕێت و گوتەکانم لە پرۆتۆکۆڵ تۆماردەکرێت، بەرگری لە خۆم دەکەم".
 
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دراوەتە پاڵی، دەمیرتاش گوتی، "ئەو تۆمەتانە هەموویان لەو کۆبوونەوەی جەماوەری و روونکردنەوەکانم وەرگیراون کە بە شێوەیەکی ئاشکرا و بە ئامادەبوونی میدیاکان پێشکێشکم کردوون. ئەم دادگەییەی ئێستا یاسایی نییە، بەڵکو دادگەیی تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسییە. دۆخی هاوڕێکانی دیکەشم هەر بەمجۆرەیە، بەڵام ئێستا قسەکە لەسەر منە و بەرگری لە خۆم دەکەم".
 
دەمیرتاش: دەڵێن خۆتان رادەستی ئایدۆلۆژیی تورک بکەن، کەوایە ئێوەش بڵێن 'ئێمە کوردین'
سەلاحەدین دەمیرتاش هەروەها سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکەش قسەیکرد و جەختی لەسەر ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیا بۆ وەستاندنی شەڕ کردەوە کە داوا لە گەریلا دەکات، خۆیان رادەستبکەن، دەمیرتاش گوتی، "بانگەوازی خۆڕادەستکردنەوە دەبێت بەگوێرەی یاسا بێت. ئەگەر جێبەجێ نەکرا، دەبێت بە شێوەیەک دەستوەردان بکرێت کە زیان بە خەڵکی سڤیل نەگات. ئایا ئاشتی بە بانگەوازی خۆتان رادەست بکەن دێتە دی؟ لەکوێ بینراوە ئاشتی لەڕێی بانگەوازێکی وەها دەستەبەر بووبێت؟ خۆڕادەستکردن واتا خۆڕادەستکردن نەک بەدیهێنانی ئاشتی. دەڵێن دەبێت هەمووان خۆیان رادەستی ئایدۆلۆژیای فەرمیی تورک بکەن. دەی ئێوە وەرن بڵێن 'ئێمە کوردین' کەوایە".
 
دەمیرتاش: ئەوانەی لە دانوستاندن هەڵاتن بەرپرسیارن لەو کوشتارە
 
سەڵاحەدین دەمیرتاش باسی لەو شەڕ و پێکدادانەی چەند رۆژی رابردوو کرد لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە. لەبارەی ئەوەی کێ بەرپرسیارە گوتی، "ئەوانەی لە دانوستاندن و دیالۆگ رایانکرد، بەرپرسیارن لەو کوشتارە. هەموو ئەو سیاسەتڤانانەی لەپێناوی داهاتووی سیاسیی خۆیان هانا دەبەنە بەر شەڕ، دووڕوون. ئەوانەی لەسەر خوێنی رۆڵەکانی خەڵک گۆڕەپانی دەسەڵات بۆ خۆیان دروست دەکەن، هیچ پشکێکیان لە رەوشت بەرنەکەوتووە. ئەگەر ئەمڕۆ خەڵک بۆ رۆڵەکانی دەگریێت، کاتی ئەوەیە لێپرسینەوە لەگەڵ سیاسەتڤانان بکات".
 
دەمیرتاش داوای کرد لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت، کە "لەسەر کورسییە گەرمەکانیان بڕیاری ئۆپەراسیۆن دەدەن و کێشەی کورد لە پشتیان هەڵدەدەن و دەیاننێرنە ئۆپەراسیۆن لە پلەی 20ی ژێر سفر".
 
هەر سەبارەت بەو شەڕ و پێکدادانەی نێوان تورکیا و پەکەکە و ئەو سەربازانەی تورکیا کە رۆژی دووشەممە تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە تورکیا، دەمیرتاش گوتی، "جەرگمان ژان دەکات. چەندینجار گوتم. ئەو 12 سەربازەی بە خاکسپێردران، برای منن. رۆڵەی هەژاری خەڵکی ئەم وڵاتەن. خۆزگە ئاشتیمان بەدی بهێنابا و ئەوانیش لە ژیاندا بووان".
 
دەمیرتاش: دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان بکەن
 
هەر سەبارەت بە پرسی کورد دەمیرتاش رایگەیاند، تەواوی پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا بەرپرسن لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە و گوتی، "پشتڕاستی دەکەمەوە کە کۆماری تورکیا بۆ چارەسەری کێشەی کورد، دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بکات. ئەمە بە راست دەزانم و دیداری دەم پارتیش لەم کاتەدا لەگەڵی، بە راست دەزانم. ئەوانەی دەیانەوێت حساب بۆ سیاسەتڤانان و بەتایبەتیش من نەکەن و هەوڵی دروستکردنی تەڵە و درۆ دەدەن، لێرەوە پێیان دەڵێم؛ من دۆستی هەموو ئەوانەم کە بەرگری لە دیموکراسی و ئاشتەوایی دەکەن. بە ئاشکرا رایدەگەیێنم، ئەو کەسانە ناناسم کە ئەمەیان قەبووڵ نییە".
 
لەکاتی بەڕێوەچوونی دادگەییەکەدا دەمیرتاش بە دەستەی دادوەرانی گوت، کە هەوڵی مەحکومکردنی کورد و کوردستان دەدرێت و گوتی، "من کوردم، کوردستان نیشتمانی سەرەکیمە، ئەم دوو ناسنامەیە شەرەفمە. ئێمە لەبەر ئەوەی دەڵێین ناتوانن کوردستان داگیر بکەن و لەناوی ببەن بۆیە دادگەیی دەکرێین. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم بەهایە دادگەیی بکات".
 
دەمیرتاش: قوربانیمان بۆ پێکەوەژیان دا
 
لە بەشێکی گوتەکانیدا دەمیرتاش گەڕایەوە بۆ کاتی پرۆسەی ئاشتی و گوتی، "ئێمە هەوڵ و قوربانیی زۆرمان دا لەپێناوی پێکەوەژیان و بێدەنگبوونی چەکەکان. هێشتا وا دادگەیی دەکرێین. لەو کاتەی ئێمە دادگەیی کراین، چیتان پێنەکردین؟ ماڵباتەکانمان لە رێگەدا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون، هەر گوتمان ئاشتی، ئەوەتا بەوهۆیەوە وا دادگەیی دەکرێین.
 
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە سەبارەت بە پرۆسەی دادگەییکردنەکەی باسی لەوە کرد لە گرتووخانەکەدا تەنیا خۆی و سەلچوک مزراکڵی، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد ماون و دادگەیی هەموو ئەوانەی تۆمەتبارکرابوون بە ئەندامیەتیی پەکەکە، تەواو بووە. دەمیرتاش هەروەها گوتی، "وادەزانن ملکەچتان کردووین؟ لەپێناوی خەڵک هەوڵی تێکۆشانێکی شەرەفمەندانەی گەورەمان دا و کارمان بۆی کرد بۆ ئەوەی ئاشتی بەدی بێت. بەداخەوە! سەرەڕای هەموو ئەمانە، نەمانتوانی ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنین کە دەمانویست. هەر بۆیە داوای لێبووردن لە خەڵکەکەمان دەکەین".
 
دەمیرتاش: وەسیەتم کردووە بە دەهۆڵ و زوڕنا پێشوازی لە بڕیاری سزاکەم بکەن
 
دەمیرتاش رووی دەمی لە دادوەر کرد و پێی گوت، "ئێمە دەزانین کە ئێوە دەمێکە بڕیارەکەتان داوە. بەڵام بڕیارەکەتان لە دیدی ئێمە و خەڵک هیچ حوکمێکی نییە. ناتوانن سەرمان دابنەوێنن. رێگەش نادەم بڕیارەکە بە روومدا بخوێننەوە. وەسیەتم کردووە بۆ هاوژینم و کچەکانم بە دەهۆڵ و زوڕنا پێشوازی لە بڕیارەکە بکەن. چونکە ئێمەش لێرە بەو جۆرە پێشوازی لێدەکەین".
 
رووداوەکانی کۆبانێ
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە.
 
 لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
 گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ی نیسانی 2021 لە 22مین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
 
دەمیرتاش زیاتر لە حەوت ساڵە لە زیندانە
 
سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی 'تیرۆر' دەستگیرکرا و تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا تشرینی دووەمی 2018 داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد. بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەوکاتە گوتی، "ئەم بڕیارە ئێمە پابەند ناکات" و ئەنقەرە جێبەجێی نەکرد. وەزیرانی دەرەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا بڕیاریدا و بە پێویستی زانی دەمیرتاش ئازادبکرێت. هەروەها کانوونی دووەمی 2020یش بڕیارەکەی دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بە جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە، پێشێلکاریی کردووە. بەڵام ئەمەش بێهودە بوو و تورکیا پێداگر بوو لەسەر هێشتنەوەی دەمیرتاش لە گرتووخانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".