رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی خەڵاتی ستیڤیی جیهانی، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکو یەکێک لە باشترین دەستپێشخەرییەکانی نێو وڵاتە عەرەبییەکان خەڵاتکرا.
رۆژی دووشەممە 25-11-2024 پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان تۆڕی میدیایی رووداو و ئاژانسی UNFPAـی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک یەکێک لە باشترین پڕۆژەی نێو وڵاتە عەرەبییەکان خەڵاتکرا. پڕۆژەیەکی وڵاتی توونس هاوشانی رووداو توانی خەڵاتەکە وەربگرێت.
خەڵاتەکە لە لایەن دیێن کەیتا، یاریدەدەری ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە درا. دیێن هەروەها جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
سانا کاروان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئاژانسی سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان - عێراق (UNFPA) لە کاتی رێزلێنانەکە گوتی: "دەستپێشخەریی بنەماکانی رۆژنامەگەری، بەرنامەیەکی پێشکەوتووە کە بۆ بەهێزکردنی ژنان لە عێراق، بە لێهاتوویی و متمانەبەخۆبوون بۆ سەرکەوتن لە بواری راگەیاندن داڕێژراوە".
پڕۆگرامە هاوبەشەکەی نێوان رووداو و UNFPA لە مانگی 12ـی ساڵی 2023 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا 9 خولی بەڕێکردووە. لە پڕۆژەکە راهێنان بە 195 ژن لە هەولێر، بەغدا، نەینەوا، سلێمانی، کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دهۆک، کەربەلا، زیقار، واست و موسەننا کراوە. بڕیارە تاوەکو کۆتایی، 300 ژن سوود لەو پرۆگرامە ببینن.
سانا کاروان هەروەها گوتی: "ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتیی هاوبەشی سەرەکیمان، تۆڕی میدیایی رووداو، راهێنانی گشتگیر لە بواری ئیتیکی رۆژنامەگەری، چیرۆکگێڕانەوەی دیجیتاڵی، هەواڵکردن لەسەر تووندوتیژیی رەگەزی و زۆر شتی دیکە پێشکەش دەکات. ئەم دەستپێشخەرییە کەلێنێکی چارەنووسساز لە نوێنەرایەتیی ژناندا چارەسەر دەکات، کە گرنگی بە باشترکردنی نەک تەنیا ژمارەکان، بەڵکو کوالیتی هەواڵکردن و راپۆرتدان لەسەر پرسەکانی ژنانیش دەدات".
رۆژی 24ی ئابی ئەم ساڵ پرۆگرامەکەی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان خەڵاتی بڕۆنزی ستیڤی بردەوە. لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتە جیهانییەکە رایگەیاند، ئەمە یەکەمین پڕۆژەی هاوبەشی لەو جۆرەیە لە نێوان میدیایەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ