رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، سوپای ئیسرائیل "هەڕەشەی کردووە" کە ئەگەر حەماس تاوەکو نیوەشەو بەکاتی نێوخۆ، کۆمەڵەی دووەمی بارمتەکان ئازاد نەکات، ئەوا دەست بە هێرشەکانی دەکاتەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، حەماسیش دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بە رێککەوتنی نێوانیانەوە پابەندبێت، ئەوانیش جێبەجێی دەکەن.
ئێوارەی شەممە، کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماس رایگەیاند، "بەهۆی پابەندنەبوونی ئیسرائیلەوە بە بەندەکانی رێککەوتنەکەوە،" بڕیاریداوە ئازادکردنی کۆمەڵەی دووەمی بارمتە ئیسرائیلییەکان دوابخات.
ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی لەو بارەیەوە نەبووە، بەڵام کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی دەڵێت، ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە "ئەگەر بارمتەکان تاوەکو نیوە شەو ئازاد نەکرێن شەڕ دەستپێدەکەنەوە."
میدیای ئەمریکیش لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە بابەتەکەوە بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ قەتەر لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ دوای کاژێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، حەماس 14 بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی ئازاد بکات لە بەرامبەر ئەوەشدا ئیسرائیل 42 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرچاوەیەکی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، دەستیانکردووە بە گواستنەوەی بارمتەکان و رادەستکردنیان بە خاچی سوور تاوەکو رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.
بەڵام دواتر کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماس لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیەوە رایگەیاند، "کەتائیبی قەسام بڕیاریدا ئازادکردنی کۆمەڵەی دووەمی دیلەکان دوابخات تاوەکو داگیرکار پابەند دەبێت بەو بەندانەی رێککەوتنەکە کە پەیوەستن بە رۆیشتنی بارهەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری کەرتەکە."
قەسام هەروەها لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، هۆکارێکی دیکەی دواخستنەکە پابەندنەبوونی لایەنی ئیسرائیلییە بە "رێوشوێنەکانی ئازادکردنی دیلەکان کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە."
ئوسامە حەمدان، بەرپرسی سەرکردایەتیی حەماس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەیروت گوتی، "لە دوێنێوە 340 بارهەڵگری یارمەتیی مرۆیی چوونەتە نێو غەززە، 65یان گەیشتوونەتە باکووری کەرتەکە، ئەمەش کەمترە لە نیوەی ئەو ژمارەیەی کە داگیرکار لەسەری رێککەوتبوو."
حەمدان گوتیشی، "جەخت لە پابەندبوونی خۆمان بە جێبەجێکردن و سەرکەوتنی رێککەوتنی ئاگربەست دەکەینەوە، ئەگەر ئیسرائیل بە جێبەجێکردنییەوە پابەند بێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە نێوەندگیرەکانیان لە "پێشێڵکارییەکانی" ئیسرائیل ئاگادارکردووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، دووەم رۆژی ئاگربەستێکی چوار رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماسە کە دوای 7 هەفتە لە شەڕ راگەیێندرا.
لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، 13 ئیسرائیلی، 10 کرێکاری تایلاندی و یەکێکی فلیپینی لە لایەن حەماسەوە ئازاد کران، ئیسرائیلیش 39 ژن و منداڵی بەندکراوی فەلەستینیی ئازادکرد.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێشتا نزیکەی 215 بارمتە لە غەززە دەستبەسەرن، بەڵام نازانرێت چەندیان زیندوون و چەندیان مردوون.
بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست کە بە نێوەندگیریی سەرەکیی قەتەر کراوە، پێشبینی دەکرێت حەماس بە گشتی 50 بارمتە ئازاد بکات لە بەرامبەر 150 زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەندکراون.
حەماس 7ـی تشرینی یەکەم هێرشی کردە سەر ئۆردوگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و هەزار و 200 کەسی کوشت، کە زۆربەیان سڤیل بوون، هەروەها زیاتر لە 240 کەسی بە بارمتە گرت، ئەمە وەک ئیسرائیل باسی دەکات.
دوای ئەوە، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانی چڕ و دواتریش هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە کرد، کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 15 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ