سۆلین حەمەدامین- دهۆک
ماوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەری ساڵ درێژکراوەتەوە. بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، ئەم ساڵ نزیکەی دوو هەزار ئاوارە لە کەمپەکانەوە گەڕاونەتەوە شنگال.
رۆژی چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە مانگی ئابەوە بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەکانی دانیشتووی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە راگیراوە و چاوەڕێی رێنمایی نوێن".
بڕیار بوو لە 31ی تەمموزدا هەموو کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن، بەڵام چەند رۆژێک پێشتر بڕیاردرا کاتەکە درێژ بکرێتەوە. پیردەیان جەعفەر دەڵێت، گەڕانەوەی ئاوارەکان تاوەکو سەری ساڵ درێژ کراوەتەوە.
پیردەیان جەعفەر گوتی، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین کە ئاوارە و پەنابەران بە زۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. لەسەر ئەم بابەتە لە هەموو کۆبوونەوەکاندا هەوڵی تەواوەتی خۆمان لەگەڵ حکومەتی عێراق داوە و دەمانەوێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەڵامی ئەوان لەو بارەوە نەرێنییە".
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، "لە 20ـی تەمموزەوە هیچ ئاوارەیەک نەگەڕاوەتەوە بۆ شنگال؛ لە ساڵی 2023دا نزیکەی 800 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانەوە گەڕابوونەوە بۆ شنگال".
لە 3ـی ئابی 2014، رێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شنگال و دەوروبەری. لە هێرشەکەدا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران و ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2020 رێککەوتنێکیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرد.
رێککەوتنەکەی شنگال لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە شنگال، لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی فیدراڵی.
بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ