کوردستان
چاپخانەیەک لەکاتی چاپکردنی پۆستەری لیست و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان دەڵێت، "توانای چاپخانەکانی کوردستان زۆر زیاترە لە جاران و چاپخانەکان بە قەبارە و شێوەی جیاواز فلێکس و رێکلام چاپ دەکەن." دەشڵێت، بەربژێر هەیە "تائێستا 160 هەزار دۆلاری داوەتە رێکلام."
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024 عومەر زۆرباش، سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی جووڵەی بازاڕ بەهۆی بانگەشەی هەڵبژادن بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
سەبارەت بە خەرجیی بەربژێرەکان و ئەوەی کە تاوەکو چەند پارەیان بۆ چاپکردنی پۆستەر و رێکلام خەرجکردووە عومەر زۆرباش گوتی، "کەمترین پارە تائێستا بەربژێر خەرجی کردبێت 30 هەزار دۆلار بووە و زۆرترین پارەش 160 هەزار دۆلار بووە."
سەرۆکی کۆمەڵەی چاپخانەکانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو هەڵبژاردنێک هەندێک پارە زەرەر دەکەین، بەهۆی ئەوەی بەربژێرەکان دەرناچن و پارەیان نییە پێمانی بدەن. هەڵبژاردنی رابردوو سێ کەس قەرزیان خواردم و دواتر قاوەیەکمان بۆ خواردەوە."
بەپێی بەدواداچوونێکی پێشووی رووداو، پارتی 10 هەزار دۆلار بە بەربژێرەکانی دەدات و یەکێتیش 10 ملیۆن دینار و تیم بۆ بەربژێرەکانی تەرخان دەکات، حیزبەکانی دیکەش پارەیەکی کەم و راگەیاندن و تیمی خۆبەخش بۆ بەربژێرەکانیان تەرخان دەکەن.
بڕیارە 20ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەزار و 191 کەس کە پێکهاتوون لە 823 پیاو و 368 ژن، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان بەربژێر کردووە، کە پێنجیان کۆتای تورکمان و کریستیانن. 38 کەسیش خۆیان بۆ پێنج کورسیی کۆتاکە بەربژێر کردووە کە 20یان تورکمان و 18یان کریستیانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ