رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی نزی نیشتمانی رایگەیاند، "بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و هاندانی ئاشتی لە هەموو سوچێکی ئەم خاکەدا." هەروەها رایگەیاند، حکومەت کار دەکات بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە مزگەوت، کەنیسە و شوێنەکانی دیکەی پەرستن دروست بکات.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، رێوڕەسمی (رۆژی نزای نیشتمانی) لە هەولێر بەڕێوەچوو. سەرۆک مەسعود بارزانی و نزیکەی 600 سەرکردە و بەرپرسی هەرێمی کوردستان و وڵاتان بەشدار بوون. ناونیشانی رۆژی نزای نیشتمانی "بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا"یە و سێ رۆژ دەخایێنێت.
مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "لە سەرەتای شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کولتوورەکان، ئایینەکان و نەتەوەکان بووە. دەشتەکان، دۆڵەکان و چیاکانی نیشتمانەکەمان شایەتحاڵی سەرهەڵدان و پێکەوەژیانی بیروباوەڕە جۆراوجۆرەکان، نەتەوەکان و کۆمەڵگەکان بوون. لێرە، ئایین بە چەندین شێوە گەشەی کردووە و تاکەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە رێز و کەرامەتەوە شانبەشانی یەکتر ژیاون."
مەسرور بارزانی باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە: "لە مێژووی نوێماندا، گەلەکەمان رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاڵنگاری بووەتەوە. رژێمی ستەمکاری سەدام حوسێن جیاوازی نەکرد لەنێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری یان ئەرمەنی، جیاوازی لە نێوان موسڵمان، کریستیان یاخود ئێزدییەکان نەکرد. ئامانجی هەڵمەتە تووندووتیژەکەی و جینۆسایدەکەی سڕینەوەی ناسنامەکان و بێدەنگرکردنی هەر کەسێک بوو، کە دژی رژێمەکەی بوو."
هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پابەندی دەمێنێتەوە لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە. ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان دروست ناکەین، بەڵکو بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادی ئاینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و هاندانی ئاشتی لە هەموو سوچێکی ئەم خاکەدا."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر کارنامەی حکومەت و گوتی: "حکومەتەکەمان چالاکانە کار بۆ دروستکردنی مزگەوتی زیاتر، کەنیسە و شوێنەکانی پەرستن دەکات و دڵنیایی دەدات لەوەی هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بە ئاشکرا و بە سەلامەتی پەیڕەوی ئایینەکەی بکات."
مەسرور بارزانی دەشڵێت، "دیدگەی ئێمە بۆ کوردستان روونە، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمێک بێت کە هەموو ئایین و نەتەوەکان بتوانن بە ئازادی بژین، پاڵپشتی لە یەکدی بکەن و هیوایەک لە داهاتوویەکی هاوبەشدا بدۆزنەوە. نابێت جیاوازییەکانمان وەکو جیاکاری ببینین، بەڵکو دەبێت وەکو بناخەی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند، خۆڕاگر و بە بەزەیی سەیری بکەین."
رۆژی دووشەممە، 21-4-2025 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دواییکرد.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوخەمی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی پاپا فرانسیس دەربڕی و گوتی، "لە دیدارەکانمدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و رۆما، ئەوم وەکو کەسێک ناسی کە کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن دەکات. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی ئەو و نزا دەکەین کە میراتەکەی ئیلهامبەخش بێت بۆ یەکگرتوویی نێوان هەموو خەڵکی جیهان."
هەروەها باسی سەردانەکەی ساڵی 2021ـی پاپا فرانسیسی بۆ هەولێر کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئێمە جێگەی شانازی و سەرفرازی بوو کاتێک کە لە ساڵی 2021، بەرێز پاپا فڕانسیس سەردانی هەولێری کرد لە یاریگای فڕانسۆ هەریری جەماوەرێکی زۆر لە پێشوازیدا کۆبوونەوە."
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
سەرۆک مەسعود بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان،
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق،
ئامادەبووانی بەڕێز،
رێبەرانی ئایینی،
هاوکارانی بەڕێز لە پەرلەمان و حکومەت،
ئەندامانی بەڕێزی کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکان و میوانانی خۆشەویست،
ئێوارەتان باش و بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ بەشداریکردن لە رۆژی نزای نیشتمانی. بەخێربێن بۆ کوردستان، بەخێربێن بۆ ئەو خاکەی کە تێیدا بانگی نوێژ و دەنگی زەنگۆڵەی کەنیسە و سروودە هێمنەکان کە لە پەرستگەکا کۆنەکانەوە دێن، سەدان ساڵە پێکەوە دەزرینگێنەوە. جێی شانازی و خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ لەبەردەم ئێوەدا، بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئاینییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، نوێنەرانی کۆمەڵگە، دیپلۆماتکاران و شوێنکەوتووانی ئایینە جیاوازەکان وەستاوم. ئامادەبوونی ئێوە رەنگدانەوەیەکی بەهێزی رۆحی کوردستانە، خاکێک کە پێکەوەژیانی ئاشتییانە، فرەیی و خۆڕاگری تێیدا بەرقەرارە.
لە سەرەتای شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کولتوورەکان، ئایینەکان و نەتەوەکان بووە. دەشتەکان، دۆڵەکان و چیاکانی نیشتمانەکەمان شایەتحاڵی سەرهەڵدان و پێکەوەژیانی بیروباوەڕە جۆراوجۆرەکان، نەتەوەکان و کۆمەڵگەکان بوون. لێرە، ئایین بە چەندین شێوە گەشەی کردووە و تاکەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان بە رێز و کەرامەتەوە شانبەشانی یەکتر ژیاون.
لە مێژووی نوێماندا، گەلەکەمان رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاڵنگاری بووەتەوە. رژێمی ستەمکاری سەدام حوسێن جیاوازی نەکرد لە نێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری یان ئەرمەنی، جیاوازی لە نێوان موسڵمان، کریستیان یاخود ئێزدییەکان نەکرد. ئامانجی هەڵمەتە تووندووتیژەکەی و جینۆسایدەکەی سڕینەوەی ناسنامەکان و بێدەنگکردنی هەر کەسێک بوو کە دژی رژێمەکەی بوو.
لە ماوەکانی رابردووشدا، دڕندەیی تیرۆری تیرۆریستانی داعش جارێکی دیکە کۆمەڵگەکانی بەبێ جیاوازی کردە ئامانج، کەنیسەکانی سووتاند، مەزارگەکانی ئێزدییەکانی خاپوور کرد و خوێنی خەڵکی بێتاوانی رشت. بەڵام لەم کاتە سەختەدا، رۆحی کوردستان و گەلەکەمان هەرگیز نەڕووخا.
پێشمەرگە دلێرەکان، کوڕان و کچانمان، بۆ بەرگریکردن لە هەموو کۆمەڵگەکان، نەک وەکو سەربازی ئایینێک یان نەتەوەیەک، بەڵکو وەکو پارێزەری کوردستان، عێراق و هەموو مرۆڤایەتی هەستانە سەر پێ.
پێشمەرگە موسڵمانەکان شانبەشانی برا ئێزدی و کریستیانەکان جەنگان، هەموویان ئامادە بوون رووبەڕووی مردن ببنەوە بۆ ئەوەی دووبارە لە مزگەوتەکانەوە دەنگی بانگ بەرز ببێتەوە، کەنیسەکان زەنگ لێبدەن و ئێزدییەکان بە شانازییەوە بوەستن و خەڵکی هەموو ئاینییەکان بتوانن بە ئازادی و بێ ترس پەرستشی خۆیان بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پابەندی دەمێنێتەوە لە بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکە پیرۆزە. ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان دروست ناکەین، بەڵکو بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادی ئاینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و هاندانی ئاشتی لە هەموو سوچێکی ئەم خاکەدا.
شانازی دەکەین کە شاری عەنکاوە لێرە لە هەولێر تاکە شاری کریستیاننشینی گەشەسەندووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە لە ساڵی 2011ـەوە ژمارەی دانیشتووانی دوو هێندە زیادی کردووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەیی و پێکەوەژیان. هەروەها ئێمە وەبەرهێنان دەکەین لە نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی شوێنە پیرۆزەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، پاراستنی مزگەوتەکان، کەنیسەکان و پەرستگەکان بۆ هەموو کۆمەڵگەکان.
جگە لەو سێ ئاینەی کە پێشتر ناوم هێنان، کوردستان شوێنی زۆر ئاینی دیکەشە، لەوانە کاکەیی، زەردەشتی، جوو و بەهایی.
حکومەتەکەمان چالاکانە کار بۆ دروستکردنی مزگەوتی زیاتر، کەنیسە و شوێنەکانی پەرستن دەکات و دڵنیایی دەدات لەوەی هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بە ئاشکرا و بە سەلامەتی پەیڕەوی ئاینەکەی بکات. ھەروەھا پەروەردە رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە داڕشتنی ئایندەیەکی پڕ لە ئاشتیدا. لەبەر ئەوەشە کار لەسەر چاکسازی لە بەرنامەی خوێندندا دەکەین بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی راستەقینەی سروشتی ھەمەجۆر و هەمەچەشنەکەی کوردستان بێت. فێرکردنی منداڵەکانمان تەنیا دەربارەی نەریتەکانی خۆیان نەبێت، بەڵکو دەربارەی نەریتەکانی دراوسێکانیشیان بێت، بۆ ئەوەی رێز لە یەکدی بگرن و یەکدی بەرز بنرخێنن. لە پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوە گشتییەکانماندا، شوێنکەوتووانی ھەموو ئایین و نەتەوەیەک نوێنەرایەتییان ھەیە و بەردەوامیش دەبن. فرە کولتووریی ئاڵنگاریی نییە، بەڵکو ھێزێکە ئێمە پشتی پێدەبەستین لە دروستکردنی کوردستانێکی ئاشتیخواز و دیموکراسی و خۆشگوزەراندا.
دیدگەی ئێمە بۆ کوردستان روونە، ئەویش ئەوەیە کە هەرێمێک بێت کە هەموو ئاین و نەتەوەکان بتوانن بە ئازادی بژین، پاڵپشتی لە یەکدی بکەن و هیوایەک لە داهاتوویەکی هاوبەشدا بدۆزنەوە. نابێت جیاوازییەکانمان وەکو جیاکاری ببینین، بەڵکو دەبێت وەکو بناخەی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند، خۆڕاگر و بە بەزەیی سەیری بکەین.
بۆ ئێمە جێگەی شانازی و سەرفرازی بوو، کاتێک کە لە ساڵی 2021، بەرێز پاپا فڕانسیس سەردانی هەولێری کرد لە یاریگای فڕانسۆ هەریری جەماوەرێکی زۆر لە پێشوازیدا کۆبوونەوە. لە دیدارەکانمدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و رۆما، ئەوم وەکو کەسێک ناسی کە کار بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و لێکتێگەیشتن دەکات. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی ئەو و نزا دەکەین کە میراتەکەی ئیلهامبەخش بێت بۆ یەکگرتوویی نێوان هەموو خەڵکی جیهان.
ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە، یەکگرتوو لە باوەڕ و نیازی چاکەدا، پێکەوە نزا دەکەین. نزا بۆ ئەو بێتاوانانە دەکەین کە هێشتا ئازار دەچێژن، نزا بۆ ئەوانە دەکەین کە هێرش کرایە سەر چارەنووسیان، بەڵام هەرگیز چارەنووسیان لەنێونەچوو. نزا بۆ رۆحی ئەوانە دەکەین کە لە بەرگریکردندا شەهید بوون. نزا بۆ کوردستانێک، عێراقێک، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێک و جیهانێک دەکەین، کە نابێت کەس تێیاندا لەسەر ئەو باوەڕەی هەیەتی، ئەو زمانەی قسەی پێدەکات یان ئەو نەتەوەی کە لە دڵیدا هەڵیدەگرێت، ئازار بچێژێت. هیوادارین رۆژی نزای نیشتمانی ببێتە نەریتێک کە پەیوەندی نێوانمان بەهێزتر بکات و وەکو رووناکیی یەکگرتن و چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو خزمەت بکات. سوپاس بۆ ئێوە، و هیوادارم ئاشتی و بەرەکەت بەسەرتاندا ببارێت. خودا ئەم کۆبوونەوەیە بپارێزێت. خودا هەمووتان بپارێزێت. خودا کوردستان بپارێزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ