لە شەشەمین پڕۆژەی ئۆرەنج کۆرنەرز 25 کارساز سوودمەند دەبن

25-06-2023
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداریی یاکۆ بێرەندس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، شەشەمین گرووپی بەشدارانی ئۆرەنج کۆرنەرز راگەیێندرا.
 
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 25-06-2023، بۆ 25 کارسازی خاوەن بیرۆکە بەڕێوەچوو، بەشداربووان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون و لە ماوەی شەش مانگ دەبێت پڕۆژەکانیان تەواو بکەن.
 
ئۆرەنج کۆڕنەرز، دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندایە بۆ دەستپێکی بازرگانییە بچووکەکان، کە تێیدا یارمەتیی کارسازانی هەرێمی کوردستان دەدرێت بۆ دامەزراندن و گەشەپێدانی پڕۆژە بازرگانییەکانیان، بە درێژایی شەش مانگ راهێنان، رێنوێنی، توانا و کارامەیی و دەستڕاگەشتن بە بازاڕەکان بۆ کارسازان دابین دەکرێت؛ لەگەڵ پێشکێشکردنی یارمەتیی دارایی بە ئامانجی پەرەپێدان و پشتگیریکردنی ژینگەی کار و بازرگانیی ناوچەکە بۆ ئەوەی کارسازان بتوانن خەونەکانیان بەدیبهێنن و لە هەمانکاتدا یارمەتیی گەشەکردنی بازاڕی خۆماڵی بدەن. 
 
ئەنسار عومەر ئەنوەر، بەڕێوەبەری ئۆرەنج کۆرنەرز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 25 پڕۆژە هەڵبژێردراون بۆ بەشداریکردن، ئەم بەشداربووانە دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد لە نێوان نزیکەی 400 پڕۆژە هەڵبژێردراون، دوای دوو رۆژ راهێنانی تایبەت بۆ 50 لەو پڕۆژانەی کە داواکارییان پێشکێشکردووە، لیژنەی دادوەران 25 لەم پڕۆژانەیان هەڵبژاردووە.

 

 
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، "لەلایەن شارەزایان رێنوێنی دەکرێن بۆ شێوازی چوونە بازاڕ و مامەڵەکردن، دەکرێت لەگەڵ ئەمەش  سپۆنسەر و هاوکاریی دارایی پێویست بۆ دەستپێکردنی بزنس و کارەکانیان لە کاتی بەرنامەکە دەستبکەوێت کە لە کاتی پرۆگرامەکە 300 دۆلارە و لە مانگی چوارەم 1800 دۆلارە، لە کۆتایی پڕۆگرامەکەش پێنج لەوانە هاوکاری دەکرێن کە دەگاتە 25 هەزار دۆلار." 
 
یاکۆ بێرەندس، کۆنسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دڵخۆشم لێرە ئەم  بەهرەمەندانە دەبینم هەوڵ بۆ بزنسی خۆیان دەدەن، ئەمڕۆ ئەوەی لێرە سەرنجی منی راکێشا دوو خاڵ بوون، یەکەمیان؛ بەشی زۆری پرۆگرام و ئەپەکان بوو کە لەگەڵ پێشکەوتن دان. خاڵی دووەمیان؛ بەشداریی ئافرەتە کە هەڵدەدەن ببن بە خاوەن بزنسی خۆیان."

 

 
كۆنسوڵی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەی ئۆرەنج کۆرنەرز یەکێکە لە نموونەکانی شانشینی هۆڵەندا بۆ گەنجانی کورد. 
 
فاتمە جەبار، یەکێک لە بەشدارانی پڕۆژەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "کارەکەی من بریتییە لەو پەپوولانەی کە دەمرن، من بە وشککراوەیی دەیانهێڵمەوە و لەگەڵ بابەتە جوانکارییەکان رێکی دەخەم و لە سۆشیاڵمیدیا نمایشیان دەکەم بۆ فرۆشتن. دەمەوێت لە رێگەی ئۆرەنج کۆرنەرزەوە پڕۆژەکەم گەورەکەم."
 
پرۆگرامی ئۆرەنج کۆرنەرز لە لایەن نێردە دیپلۆماسییەکانی هۆڵەنداوە لە وڵاتە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەرپەرشتی دەکرێت و بە پشتیوانیی دارایی هاوبەشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت. 
 
ئامانج لەو پرۆگرامە، وەک لە ماڵپەڕەکەیدا هاتووە، "پشتیوانیکردنی گەنجانە بۆ ئەوەی پەرە بە بازرگانییەکانیان بدەن لە رێگەی خول و بەرنامەکانی تواناسازیمان."
 
جگە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پرۆگرامی ئۆرەنج کۆرنەرز لە 16 وڵاتی دیکەش یارمەتیی گەنجانی خاوەن بیرۆکەی بازرگانی دەدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.