رووداو دیجیتاڵ
لە سەربڕخانەی هەولێر رێکارەکانی سەربڕینی ئاژەڵان تووندتر کراون و پێش سەربڕین، پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکرێت، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی ئاژەڵەکە و نەبوونی گەنە.
دکتۆر ئەرسەلان سەڵاح، بەڕێوەبەری بەشی ڤێتێرنەری لە کوشتارگەی هەولێر بە رووداوی گوت، "لەو پشکنینەی ئێستا کردمان بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو ئاژەڵە شیاوە یان نەشیاوە بۆ کرداری سەربڕین، لێرەدا ئێمە جەخت لەو نەخۆشییانە دەکەینەوە کە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە."
دوای سەربڕین و پێش لێدانی مۆری ڤێتێرنەری، پزیشک دووبارە پشکنین بۆ شیاویی گۆشتەکان دەکات، دوای دڵنیابوون ئینجا مۆری ڤێتێرنەری لێدەدرێت.
لەوکاتەی کە تیمی رووداو لە کوشتارگەکە بوو، پشکنینی کۆتایی یەکێک لە ئاژەڵەکان دەرکەوت کە جەرگی شیاو نییە بۆ خواردن.
ئاراس عەبدوڵڵا، یاریدەدەری پزیشکی ڤێتێرنەری لە کوشتارگەی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەو جەرگە بەهیچ شێوەیەک شیاو نییە بۆ خواردن، چونکە کیس و کرمی لەناوە، مرۆڤ تووشی رشانەوە دەکات، ئەو ئاژەڵە تەنیا جەرگەکەی شیاو نییە بۆ خواردن، گۆشتەکەی شیاوە."
بڕیار و رێنمایی سەرەکیی حکومەت بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون، قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانییە لە ماڵ، کوچە و شەقامەکان، بۆیە کوشتارگەکان لە رۆژانی جەژن کاژێری زیاتر دەرگەیان کراوە دەبێت.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر باسی لەوە کرد، "هەر چوار رۆژی جەژن کوشتارگەکە کراوەیە، لە کاژێر 4ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە، واتا 14 کاژێر کار دەکەین."
لە هەرێمی کوردستان 34 کوشتارگە هەن، بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی ڤێرتێرنەریی هەرێمی کوردستان، کوشتارگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکی لێ دەربچێت، ئەوانی دیکە هیچ مەرجێکی ستانداردیان تێدا نییە.
دکتۆر میقداد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتێرنەریی هەرێمی کوردستان گوتی، سەرەڕای تێبینییە پزیشکییەکانمان لەسەر رەوشی کوشتارگەکان، بەڵام ئێمە راسپاردەمان هەر ئەوەیە، تەنانەت لە جەژنی قوربانیش خەڵک ئاژەڵ لە ماڵەوە سەرنەبڕن."
ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 25ی حوزەیران 13، کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوونە، لەم ژمارەیەش 4 توشبوو گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ