دابەشکردنی خۆراکی هەولێر: هەفتەی داهاتوو سەبەتەی خۆراکی رەمەزان دابەشدەکرێت

25-03-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی خۆراک لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپکردووە، ئێستا لەنێو شاری هەولێر خۆراک دابەش دەکەن. دەشڵێت، بۆ لەمەودوا وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە رێگەی کارتی بانکییەوە پارە لە بریکارەکانی خۆراک وەردەگرێت.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر میوانی بەرنامەی مژار بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ساڵانە 10 سەبەتەی خۆراک [بەشەخۆراکی مانگانە] دابەش دەکرێت، ئێستا دەستکراوە بە دابەشکردنی سەبەتەی دووەم و لە ناوچە دوورەکان تەواو کراوە، ئێستا لەنێو شار خۆراک دابەش دەکەین و پاش تەواوکردنی ناوشار دابەشکردنی دەورووبەری هەولێر دەستپێدەکات."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر گوتیشی، ئەو چوار ماددەیەی بۆ مانگی رەمەزان زیادکراوە، لە سێشەممەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو چوار ماددەیەی بۆ مانگی رەمەزان زیاد کراوە، لەگەڵ بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، پێکێدت لە:
 
- ئاردی سفر – 1 کیلۆگرام/کەسێک
- نیشاستە – 1 کیلۆگرام/خێزان
- شعرییە – 1 کیلۆگرام/خێزان
- مەعکەرۆنی – 0.5 کیلۆگرام/خێزان
 
لەبارەی کوالێتیی ماددە خۆراکییەکان و پشکنین بۆیان، دلێر عەبدولواحید دەڵێت، ئەو خۆراکەی کە دێت، هەموو ماددەکان لە تاقیگەی ناوەندی تەندروستی پشکنینی بۆ دەکرێت.
 
ئەو بەشەخۆراکەی بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەش دەکرێت، مانگانە نزیکەی 13 هەزار تۆن دەبێت و لەلایەن 2100 بریکارەوە لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دابەش دەکرێت.
 
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە، وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە بریکارەکانی دابەشكردنی خۆراک بە شێوەی کاش رابگرێت و بە کارتی بانکی پارەکەیان لێ وەربگرێت.
 
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، "بڕیاری وەرگرتنی پارەی لە بریکارەکانی خۆراک بەشێوەی کارتی بانکی، سەرتاسەری عێراق دەگرێتەوە. لە پارێزگاکانی عێراق لە مانگی 1ی ئەم ساڵەوە جێبەجێ کرا، ئێمە پێڕانەگەیشتین، بۆیە لە مانگی شوباتەوە دەستمان پێکرد، پێویستە هەموو بریکارەکان هەژماری بانکی و کارتی بانکی دەربهێنن چ بەناوی خۆیان یان ئەندامانی خێزانەکەیان."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێر گوتیشی، "داوامان لە هەموو بریکارەکان کردووە، سەردانمان بکەن و کارتی بانکی دەربهێنن. تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتیمانە و بێ بەرامبەر کارتی بانکییان بۆ دەردەکات، ئێستا رۆژانە نزیکەی 60 بۆ 70 بریکار سەردانمان دەکەن و کارتیان بۆ دەردەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی بازرگرانی لە بریکارەکانی وەردەگریت 350 دینارە بۆ هەر کەسێک و دەبێت بریکارەکانیش 500 دینار وەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.