رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە مانگی رەمەزان خواست لەسەر خورما زیاد دەکات، لە عەلوەکانی سلێمانی و هەولێر رۆژانە زیاتر لە 100 تۆن خورما دەخرێتە بازاڕەکانەوە.
رۆژی شەممە، 25-03-2023، دانا عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر جۆر خورما لە عەلوە هەن کە رۆژانە دەخرێنە بازاڕەوە، وەک خورمای ئێرانی، عێراقی و فەلەستینی، نرخەکانیشیان جیاوازە. خورمای عێراقی کیلۆی 1500 دینارە و لە دەرەوەی عەلوەش دووکاندار بە 2000 هەزار دەیفرۆشێت".
گرانترین جۆری خورما لە عەلوەی هەولێر، خورمای فەلەستینییە. ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر دەڵێت، لە عەلوە کیلۆی 15 هەزار دینارە و بەهۆی گرانیشەوە هەموو کەسێک ناتوانێت ئەو خورمایە بکڕێت.
عەلوەی هەولێر رۆژانە زیاتر لە 50 تۆن خورما دەخاتە بازاڕەکانی هەولێر و دەوروبەری. بەگوتەی ئەو ئەندامەی عەلوەی هەولێر، لە رەمەزان خواست لەسەر خورما 50٪ زیاتر دەبێت، بۆیە بڕێکی زۆر خورما دێتە عەلوە و دەنێدرێتە بازاڕەکانەوە.
حاجی سەروەر عەتا، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئاماری فەرمی نییە کە رۆژانە چەند تۆن خورما دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام بە نزیکەیی 50 تۆن دەخرێتە بازاڕەکانی سلێمانی و دەوروبەری بە پارێزگای هەڵەبجەشەوە.
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، لە مانگەکانی دیکە نزیکەی 10 بۆ 15 تۆن خورما دەخرێتە بازاڕەکانی سلێمانی و دەوروبەری. دەشڵێت، خواست لەسەر خورما لە یەکەم تاوەکو 10ـەیەم رۆژی رەمەزانە، چونکە خەڵک کە دەکڕێت ئەو 10 رۆژەی سەرەتا دەست بە کڕینی خورما دەکەن و بەشی هەموو مانگەکەش دەکڕن.
لەبارەی جۆرەکانی خورما حاجی سەروەر عەتا گوتی، سێ چوار جۆر خورمای عێراقی هەیە، لە ئێرانیش سێ چوار جۆری هەیە و خورمای فەلەستینیش هەیە، بەڵام ئەوە زۆر گرانە و هەموو کەسێک نایکڕێت، ئێستا خواست لەسەر خورمای عێراقی زیاترە.
رۆژی پێنجشەممە، 23-03-2023، سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیژنەکانیان چاودێریی بازاڕ دەکەن و ناهێڵن نرخی شتوومەک بەبێ هۆکار بەرزببێتەوە، بەتایبەتی ئەو پێداویستییانەی لە رەمەزان زۆر بەکاردەهێنرێت، وەکو شیرینی و خورما.
لەبارەی نرخی خورما لە بازاڕەکانی سلێمانی سۆران عەبدولغەفوور گوتی، خورمایەکی زۆر لە عەلوە و بازاڕەکان هەیە، بۆیە نرخیان بەرزنەبووەتەوە، زۆرجار هەر پێداویستییەک ئەگەر بڕێکی کەمی لێ بخرێتە بازاڕەوە ئەوە نرخی گران دەبێت، بەڵام خورما بەشی پێویست بەنرخی دیاریکراو هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ