رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە دوایین رۆژی لێخۆشبوونی پارەی سزای هاتووچۆیە لە هەرێمی کوردستان. موقەدەمێکی پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێت، بەهۆی بڕیارەکەوە خەڵک سێ هێندەی پێشتر، پارەی سزای هاتووچۆ دەدەنە حکومەت.
بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی پارەی سزای هاتووچۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە شەش مانگ لەمەوبەر دەرکرا. بەگوێرەی بڕیارەکە، 28ـی ئەم مانگە دوایین رۆژ دەبێت بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت لێی سوودمەند بن.
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی گەرمیان ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری درێژکردنەوەی کاتەکەی نەداوە؛ هەرکاتێک بڕیار بدات، هەموو لایەک ئاگادار دەکرێنەوە."
موقەدەم سامان گوتی، "خەڵکێكی زۆر" سوودیان لە بڕیاری لێخۆشبوونەکە وەرگرتووە و لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەوە، رۆژانە سێ هێندەی پێشتر هاووڵاتییان پارەی سزای هاتووچۆ رادەست دەکەن.
یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەر شوفێر یان هاووڵاتییەک کە دەیەوێت سوودمەند بێت لە داشکاندنی سزای هاتووچۆ، پێش تەواوبوونی کاتەکە سەردان بکات.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا کە 10-9-2023 بڵاوکرایەوە، بڕیاردرا لێخۆشبوونەکە لە رێککەوتی 28-8-2023ـەوە تاوەکو 28-2-2024 بەردەوام بێت.
ئەوکات بڕیاردرا هەرکەسێک لەدوای 28ـی شوبات، سزای مادیی هاتووچۆی بکەوێتە سەر و لە ماوەی مانگێکدا پارەکە نەدات، سزاکەی دەبێتە دوو هێندە، بەڵام رۆژی 22-01-2024 وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، دووهێندەکردنی سزای هاتووچۆ راگیراوە.
لێخۆشبوونەکە بەجۆرێکە، ئەگەر کەسێک ملیۆنێک دینار پارەی سزای هاتووچۆی لابێت، 800 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت؛ کەسێکێش 100 هەزار دینار سزای لەسەر بێت 80 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ