رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 هەزار و 750 کەس بە تاوانی جیا حوکمدراون. لەو ژمارەیە زیاتر لە هەزار و 500 کەسیان بەهۆی هۆشبەرەوەیە و لەنێو سزادراوانی هۆشبەریشدا ژن و منداڵ هەن.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا 5 هەزار و 752 کەس بۆ تەواوکردنی حوکمەکانیان لە چاکسازییەکانن".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، لەنێو حوکمدراواندا هەزار و 527 کەسیان بەهۆی هۆشبەرەوە سزا دراون. لەنێو ئەو کەسانەشدا 63 ئافرەت و 19 منداڵ و مێرمنداڵ هەن. ئەمەش دەکاتە 26٪ی کۆی سزادراوان.
بەگوتەی بەڕێوەبەری چاکسازییەکان، "لەنێو ئەو کەسانەی بە تۆمەتی هۆشبەر حوکمدراون منداڵی 11 ساڵان هەیە".
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی: "ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هۆشبەرەوە حوکمدراون زیادیکردووە، بەجۆرێک ساڵی رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ هەزار و 168 کەس بەهۆی هۆشبەرەوە حوکمدرابوون، ئێستا بووە بە هەزار و 752 کەس و 359 کەس".
جگە لەوانەی بە تۆمەتی هۆشبەر سزا دراون، سەتان کەسی دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی ئاسایشدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر تۆمەتیان بەسەردا ساخبووەوە و سزادران رەوانەی چاکسازییەکان دەکرێن.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران و سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ