رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە خۆى بە "زەرەرمەند" دەزانێت لە هەموارکردنەوەی یاسایەک لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، سکاڵایەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تۆمار دەکات، پارێزەرى دۆسیەکە دەڵێت، "هێشتا وادەى دانیشتنى دادگە دیاری نەکراوە".
بەگوێرەى دەقى سکاڵاکە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، هاونیشتیمانییەکى هەرێمى کوردستان لە رێگەى دوو پارێزەرەوە سکاڵاکەى لە دادگەى باڵاى فیدراڵىی عێراق تۆمار کردووە و تێیدا وەک "زەرەرمەندێک لە هەموارى یاساى بارى کەسێتى"، داواى کردووە ئەو هەموارە هەڵبوەشێنرێتەوە.
سکاڵاکە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە، شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایی پەرلەمان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئاگادار کراوینەتەوە لە پێشکێشکردنى ئەو سکاڵایە".
سکاڵاکار داوا دەکات مادەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسێتى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان بە نادەستووری بناسێنێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو مادەیە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە.
بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو کەسەى سکاڵاکەى کردووە هاوسەرگیرى دووەمى کردووە و هاوسەرى یەکەمى بە پشتبەستن بەو هەموارەى یاساکە لە دادگە داواى جیابوونەوەى کردووە.
رووداو قسەى لەگەڵ سکاڵاکارەکە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو نە ناوى بهێندرێت نە لێدوان بدات.
مادەى 7ى یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، تەنیا دوو مەرج هەیە بۆ ئەوەى هاووڵاتی ژنی دووەم بهێنێت کە بریتین لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات، بەڵام مەرجەکانى هاوسەرگیریى دووەم بە گوێرەى هەموارەکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە دەبێت ژنى یەکەم لە دادگە رەزامەند بێت یان تووشى نەخۆشى درێژخایەن بووبێت، پیاوەکە تواناى دارایی ئەوەى هەبێت زیاتر لە ژنێکى هەبێت و بۆ ئەوەش دەبێت بەڵگەنامە پێشکێش بە دادگە بکات، بەڵێننامەیەکیش بنووسێت کە دادوەر دەبێت لەنێوان ژنەکانیدا، ئەگەر ژنهێنانى دووەم پێچەوانەى مەرجەکان بێت سزا دەدرێت و دادوەریش تواناى راگرتنى ئەو سزایانەى نییە، کە بەندکردنە تاوەکو ساڵێک لەگەڵ پێبژاردن بە بڕى 10 ملیۆن دینار.
24ى کانوونى یەکەمى 2024، ئاسۆ هاشم، یەکێک لە دوو پارێزەرەکەى ئەو سکاڵاکارە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 5ى ئەم مانگە سکاڵاکەیان رادەستى دادگەى باڵاى فیدراڵى کردووە و تاوەکو ئێستا رۆژى یەکەم دانیشتن دیاری نەکراوە.
پێشتر لە 30ى حوزەیران، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عیراق بە فەرمى هەڵوەشاندنەوەى سکاڵایەکى هاوشێوەى راگەیاند، کە لەلایەن بەرهەم رەئووف عەلى، پارێزەرى راوێژکار پێشکێش کرابوو، ئەو کات سکاڵاکارەکە بە رووداوى گوت: "سکاڵاکەم بە ویستى خۆم کشاندووەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ