رووداو دیجیتاڵ
سنووری شارەکانی کۆبانێ و عامودێ لە رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکران. میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، تورکیا لە رێگەی درۆنەوە ئەو بۆردوومانانەی کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دووی دیکەش برینداربوون.
بە گوێرەی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئۆتۆمبێلێک کە خێزانێکی تێدا بووە، رۆژی پێنجشەممە، لەسەر رێگەیەکی شاری عامودێی پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە کراوەتە ئامانج و لانیکەم سێ کەس برینداربوون کە ئەمڕۆ، هەینی یەکێکیان گیانی لەدەستداوە کە کارمەندی رێکخراوی مرۆیی بووە.
هێرشی دووەمیش ئەمڕۆ کراوە و شوێنێکی وەستانی بارهەڵگرەکانی لە ناحیەی سەرین لە باکووری کۆبانێ کردووەتە ئامانج کە بە گوتەی میدیاکە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
شەشەم جارە لە ماوەی 72 کاژێردا تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، کە بە گوتەی میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەو ماوەیەدا لانیکەم 5 کەس گیانیان لەدەستداوە و 8ـی دیکەش بریندارن.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو سێ شەڕڤانە "ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر ناوچەی "ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی،" کە مەبەست لێی ئەو ناوچانەیە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 کۆنترۆڵیکردن، لە نێویاندا گرێ سپی و سەرێ کانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ