سەندیکای رۆژنامەنووسان: شێوازی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکە مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین

24-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، رایگەیاند شێوازی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکەی پارێزگای سلێمانی مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان و، داوای روونکردنەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی دەکات.
 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لەبارەی دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووس بە ناوەکانی جەمال عەبدوڵڵا، ئازاد بایز و عیماد بیلال راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت "ئەم شێوازی دەستگیرکردنە مەترسییە بۆ سەر ئازادیی رادەربڕین و گیانی رۆژنامەنووسان، داواکارین هەرچی زووترە ئەو رۆژنامەنووسانە ئازادبکرێن و بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."
 
لیژنەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی دەکات، روونکردنەوە بۆ رای گشتی بدەن، "ئەو جۆرە رەفتار و هەڵسوکەوتە نایاساییانە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بۆ؟ کە بۆ ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و تەواوی رۆژنامەنووسان بووەتە جێگەی پرسیار."
 
رۆژی دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەر لە شاری سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکران، رۆژنامەنووسێکی دیکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ماوەی 23 رۆژ دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە.
 
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، لە دوایین گفتوگۆیاندا لەگەڵ عیماد بیلال، لە بارەگای لق لە سلێمانی، نووسراوی پشتگیرییان وەک رۆژنامەنووس بۆ کردووە، "بەڵام لەبەرئەوەی کەیسەکەی لەسەر میدیا و رۆژنامەوانی نەبوو، دیارە وەک ھاووڵاتی رەفتاری لەگەڵدا کراوە و دادوەر ماوەی راگرتنەکەی تاوەکو رۆژی 5-11-2023 بۆ نووسیووە."
 
لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە "دەستگیرکردنی عیماد بیلال بەھیچ جۆرێک پەیوەندیی بە ئازادیی میدیا و رەخنەوە نییە (بەڵکو) بابەتی نێوان دوو ھاووڵاتییە، کە بە رێکەوت ھەردووکیان رۆژنامەنووسن."
 
هەروەها سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسانیش لەبارەی کەیسی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەوە دەڵێت "کەیسی عيماد بيلال، سکاڵاکار کە رۆژنامەنووسە لە میدیای کۆمەڵی ئیسلامی، (ئەوەیە:) لە کۆمێنت تووڕە بووە و تەشهیری کردووە." 
 
سەنتەری میترۆ، لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، کە ماوەیەک گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بووە، لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "راگرتنی جەمال عەبدوڵڵا پەیوەندی بە کەیسی شەڕێکەوە هەیە کە پێش 16 ساڵ لەمەوپێش روویداوە."
 
بەگوێرەی راگەیێنداوەکەی میترۆ، کەسێک سکاڵای لەسەر جەمال عەبدوڵڵا تۆمارکردووە گوایە جەمال عەبدوڵڵا بە دەمانچە هێرشی بۆ بردووە، میترۆ دەڵێت "ئێمە پشتڕاستی ناکەینەوە، بەڵام کەیسەکە وا تۆمارکراوە."
 
جەمال عەبدوڵڵا رۆژی دووشەممە، 23ـی ئۆکتۆبەر وەکو شایەت بۆ کەیسێکی جیاواز چووەتە دادگای تاوانەکانی دووی سلێمانی، لەوێ پێیانگوتووە 'نۆ جار' داوایان کردووە و نەهاتووە و 'فەرمانی دەستگیرکردنت' هەیە و دەستگیرکراوە.
 
سەنتەری میترۆ لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت کاری جیددی هەیە، تێگەیشتن هەیە دادوەر نەرمی بنوێنێت و هەردوو رۆژنامەڤانەکە بە کەفالەت ئازاد بکرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە